Accessibility links

ئەمەریکا کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لەلایەن عوسمانییەکانەوە بە جینۆساید دەناسێنێت


ئەمەریکا کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لەلایەن عوسمانییەکانەوە بە جینۆساید دەناسێنێت

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ئەو کۆمەڵکوژییەی کە بەسەر ئەرمەنەکاندا هات لە میانەی سەردەمی عوسمانییەکاندا بە جینۆساید ناساند.

ئەمڕۆ لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکاندا سەرۆک بایدن بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو تیایدا ئەو کۆمەڵکوژییەی بە فەرمی بە جینۆساید ناساند.

بایدن لە بەیاننامەکەی ڕۆژی شەممەیدا ڕایگەیاند " گەلی ئەمەریکا ڕێز لە هەموو ئەو ئەرمەنیانە دەگرێت کە لەو کۆمەڵکوژییەی 106 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەستیپێکرد، لەناوچوون."

لە ساڵیادی قڕکردنی ئەرمەنییەکاندا سەرۆک بایدن دەشڵێت " لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردووەوە کۆچبەرانی ئەرمەنی بەشێوەیەکی بێشومار ئەمەریکایان دەوڵەمەندکردووە، بەڵام هەرگیز ئەو مێژووە تراژیدیایەیان لەبیرنەچووە کە زۆرێک لەباوباپیرانیانی هێنایە کەنارەکانی ئێمە. ئێمە ڕێز لە چیرۆکەکەیان دەگرین. ئێمە ئەو ئازارە دەبینین. دان بەومێژووەدا دەنێین، ئێمە ئەم کارە دەکەین نەک بۆ ئەوەی کەس تاوانبار بکەین بەڵکو بۆ ئەوەی دڵنیابن ئەوەی کە ڕووی دا هەریگیز ڕوونەداتەوە."

کاربەدەستێکی ئاگادار لە بابەتەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاند ڕۆژی هەینی سەرۆک بایدن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی لە پلانەکەی بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم بەیاننەمەیە ئاگادار کردۆتەوە.

دوابەدوای پەیوەندییەکەی بایدن و ئەردۆغان لە چەند بەیاننامەی جیاوازا حکومەتی ئەمەریکا و تورکیاش هیچ باسی پلانەی ئەمەریکایان بۆ بە جینۆساید ناساندنی قڕکردنی ئەرمەنییەکان نەکرد. بەڵام کۆشکی سپی ڕایگەیاند بایدن بە ئەردۆغانی ڕاگەیاندووە دەخوازێت پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرەوپێش بڕۆن و " چارەسەرییەکی کاریگەر بۆ ناکۆکییەکان دانبرێت." هەردوو لا کۆکیش بوون لەسەر کۆبونەوەی دوو لایەنە لە میانەی لوتکەیی ناتۆ کە بڕیارە لە مانگی شەش لە بروکسڵ بەڕێوە بچێت.

پەیوەندییەکەی ڕۆژی هەینی یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنی ڕاستوخۆی نێوان بایدن و ئەردۆغان بوو لەو کاتەوەی سێ مانگە لەمەوبەر بایدن دەسەڵاتی گرتە دەست.

جێی وەبیرهێنانەوەیە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە 29 ی مانگی دەی ساڵی 2019 بڕیارێکی بۆ بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان پەسەندکرد و ئەنجومەنی سیناتیش لە 12 ی مانگی دوازدەی 2019 بڕیارێکی هاوشێوەی پەسەندکرد.

کۆنگرێسی ئەمەریکا دەڵێت مەزەندەدەکرێت لە نێوان ساڵانی 1915-1923 نزیکەی 1.5 ملیۆن ئەرمەنی بە دەستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کوژرابن و ئەمەش بۆخۆی جینۆسایدە.

هەموو ساڵێک لە 24 ی مانگی چوار، ساڵیادی ئەم کۆمەڵکوژیـیە یاددەکرێتەوە. بەپـێی شارەزایانی مێژووی لە 24 ی مانگی چواری 1915 پـرۆسەی جینۆسایدەکە دەستیپـێکردووە.

XS
SM
MD
LG