Accessibility links

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هیندستان دەگاتە ئاستێکی بێپێشینە هاوکاتی گرفتەکانی سیستمی تەندروستی لەو وڵاتەدا


هیندستان ڕۆژی هەینی بۆ دووهەم ڕۆژ لەسەر یەک زۆرترین ڕێژەی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا ڕاگەیاند، کە لە 330 هەزار حاڵەت زیاتر بووە لە ڕۆژێکدا.

وەزیری تەندروستی وڵاتەکە دەڵێت لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا ژمارەی ئەو کەسانەی لە هیندستان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 2 هەزارو 263 کەس. ئەمەش لە کاتێکدایە کاربەدەستان لە سەرانسەری هیندستان لە ناویاندا نیودهلی پایتەختیش هۆشداری دەدەن نەخۆشخانەکان پڕبوون و ئۆکجینیان نەماوە.

بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا هاوکاتیشە لەگەڵ گڕگرتنی نەخۆشخانەیەک لە یەکێک لە ناوچەکانی مۆمبای کە تیایدا چارەسەری نەخۆشەکانی کۆڤید-19 دەکرا. لەو ڕووداوەدا 13 کەس گیانیان لەدەستدا.

ڕۆژی چوارشەممەش 22 نەخۆش لە نەخۆشخانەیەکی گشتی ویلایەتی مەهاراشترای ڕۆژئاوا گیانیان لەدەستدا کاتێک ئۆکسجینەکەیان تەواو بوو، ئەوەش دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو لە شاری مۆمبای پایتەختی ئەو ویلایەتە، بەلانیکەم نۆ نەخۆش لە نەخۆشخانەیەک بەهۆی ئاگرکەوتنەوە گیانیان لەدەستدا.

وەزیری تەندروستی سینگ دیۆ گوتی ڕەوشێکی زۆر ناهەموار و مەترسیدارمان هەیە، جێگاش لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەکاندا نەماوە.

هەروەها گوتیشی " پێویستە زۆر وریای ناوچە دووردەستەکان بین، ئەگەر لەوێ بڵاو ببێتەوە ئەوا لە کۆنترۆڵدا نامێنێت."

سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە نارێندرا مۆدی کە حکومەتەکەی ڕخنەیەکی زۆری لێگیراوە لەسەر خاوکردنەوەی بەربەستەکانی ڤایرۆس زۆر بە خێرایی ، چاوی بە سەرۆک وەزیرانی ویلایەتە خراپەکان کەوت.

پاشان مودی ڕایگەیاند حکومەت " هەوڵی بەردەوام " دەدات بۆ زیادکردنی پێداویستییەکانی ئۆکسجین.

مۆدی داوای لە ویلایەتەکان کرد کە پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی پێویستیەکانی دەرمان و ئۆکسجین دابین بکەن و واز لە هەڵگرتن و بازاڕی ڕەش بهێنن.

.

XS
SM
MD
LG