پۆلیس ڕایگەیاند، لە بنکەی فێدئێکس لە ئیندیاناپڵس هەشت کەس تەقەیان لێکرا و کوژران، و پاشان هێرشبەرەکەش خۆی کوشت.
جێنی کووک، وتەبێژی پۆلیس ڕایگەیاند، چەند کەسێکیش برینداربوون لەو هێرشەی درەنگانێکی شەوی پێنجشەممە لە دەزگایەکی نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئیندیاناپڵس لە ویلایەتی ئیندیانا ڕوویدا.
کووک گوتیشی بەلایەنی کەم 4 کەس لە نەخۆشخانە ماونەتەوە، یەکێک لەوانە باری تەندروستی مەترسیدارە. دوو کەسی تریش چارەسەری برینەکانیان کراو ڕەوانەی ماڵەوە کرانەوە.
ناسنامەی هێرشەبەرەکە دەستبەجێ ئاشکرا نەکراوە و لێکۆڵەران لە پرۆسەی کۆکردنەوەی زانیاریدان لەسەر هێرشبەرەکە و هۆکاری هێرشەکە. کووک گوتی هێشتا نەزانراوە ئایە هێرشبەرەکە لەو دەزگایەدا کاری کردووە یان نا.
ئەم ڕووداوە نوێترین تەقەکردنی بە کۆمەڵ بوو لە زنجیریەک ڕووداوەی ئەمدواییانەدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. مانگی ڕابردوو هەشت کەس بەهۆی تەقەکردن لە چەند شوێنێکی مەساج لە ناوچەی ئەتلانتا کوژران ، 10 کەس بە فیشەک لە سوپەرمارکێتێک لە شاری بۆلدەر لە کۆلۆرادۆ گیانیان لەدەستدا.
ئەمە بەلایەنی کەم سێهەمین تەقەکردن بوو لەم ساڵدا تەنها لە ئیندیاناپڵس ڕووبدات. لە مانگی یەکدا پێنج کەس لە ناویاندا ژنێکی دووگیانیش کوژران و پیاوێکیش تاوانبارکرا بە کوشتنی سێ کەسی گەورەو منداڵێک بەرلەوەی کچەکەی بڕفێنێت لە میانەی کێشەیەکی خێزانی لە مانگی سێ.
گوتەبێژی پۆلیس کووک گوتی، شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی پاش کاتژمێر 11 ی شەو پۆلیس بانگکرا و گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە کە هێشتا تەقەکردنەکە بەردەوام بوو. پاشان هێرشبەرەکە خۆی کوشت. ئەو گوتیشی " ئێمە هێشتا لە هەوڵداین بۆ ئەوەی بزانی هۆکاری تەواوی ئەم ڕووداوە چی بووە."
فێدئێکس لە بەیاننامەیەکیدا دەڵێت هاوکاری لەگەڵ کاربەدەستاندا دەکات بۆ بەدەستهێنانی زانیاری زیاتر.