ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە سەردانێکی ڕانەگەیەندراوی بۆ ئەفغانستان ئەنجام دا بەمەبەستی ڕاگەیاندنی بڕیارەکەی سەرۆک جۆو بایدن بە ڕێبەرانی ئەفغانی و ڕایگشتی بۆ کشانەوەی هەموو سەربازانی ئەمەریکا لەو وڵاتە و کۆتاییهێنان بە درێژخایانترین شەڕی ئەمەریکا.
بلینکن لەگەڵ ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان و عەبدوڵا عەبدوڵا سەرۆکی ئەنجومەنی باڵا بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی کۆبۆوە، ڕۆژێک پاش ئەوەی بایدن ڕایگەیاند تەواوی 2500 سەربازی ئەمەریکایی کە لە ئەفغانستان ماون هەتا یادی بیست ساڵەی هێرشە تیرۆریستییەکانی 11 ی سێپتەمبەر، کە بوون بەهۆی شەڕی ئەفغانستان بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا، دەگەڕێنەوە بۆ وڵات.
گەشتەکەی بۆ ئەفغانستان پاش ئەوەش بوو کە ناتۆش دەستبەجێ ڕایگەیاند، نزیکەی 7 هەزار سەربازی جگە لە ئەمەریکاییەکانی هێزی ناتۆ کە لە ئەفغانستاندان لە ماوەی چەند مانگێکدا دەگەڕێنەوە و کۆتایی بە هەبوونی لەشکری بیانی دێت لەو وڵاتەدا.
بلینکن هەوڵی دا سەرکردایەتی ئەفغانی دڵنیا بکاتەوە کە کشانەوەکە مانای کۆتایی پێهێنانی پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و ئەفغانستان نییە.
لە میانەی کۆبونەوەکەیدا لەگەڵ ئەشرەف غەنی لە کابول بلینکن گوتی " ویستم بە سەردانەکەم بەڵێنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ کۆمارە ئیسلامییەکە و خەڵکی ئەفغانستان نیشان بدەم، هاوبەشییەکە دەگۆڕێت، بەڵام خودی هاوبەشییەکە بەردەوام دەبێت."
غەنی بە بلینکنی گوت " ئێمە ڕێز لەم بڕیارە دەگرین و ئەولەویەتەکانمان ڕێکدەخەینەوە،" هەروەها سوپاسی قوربانییەکانی سەربازانی ئەمەریکای کرد لەو وڵاتەدا.
بلینکن لە برۆکسلەوە گەیشتە پایتەختی ئەفغانستانکە لەوێ لەگەڵ للۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا، بەرپرسانی ناتۆیان لەو هەنگاوە ئاگادار کردەوە و یێنس ستوڵتنبێرگ سەرۆکی ناتۆش ڕایگەیاند کە سەربازانی ناتۆش دەکشێنەوە.
بایدن، بلینکن، ئۆستن و ستۆلتنبێرگ هەمویان هەوڵیان دا ئەم کشانەوەیە بە شتێکی گرنگ دابنێن و گوتیان ئامانجی شەڕی ئەفغانستان بەدی هاتووە بە کوشتنی بنلادن و لەناوبردنی تۆڕی ئەلقاعیدە کە بەرپرسیاربوو لە هێرشەکانی 11 ی سپتەمبەری 2001 بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و مسۆگەرکردنی ئەوەی جارێکی تر خاکی ئەفغانستان لەلایەن تیرۆرستانەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی هاوشێوە بەکارنەیاتەوە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بڕیارە لەلایەن ژمارەیەک لە لەیاسادانەرانی ئەمەریکا و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤەوە ڕەخنەی لێ کەوتۆتەوە کە دەڵێن کشانەوەکە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئەو ئازادیانەی کە ئەفغانییەکان چێژیان لێوەرگرت دوای ئەوەی تاڵیبان لەکۆتایی ساڵی 2001 دا لەدەسەڵات لادرا .
پاشانیش لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ عەبدوڵا عەبدوڵا ، بلینکن پەیامەکەی دووپاتکردەوە و گوتی " قۆناغێکی نوێمان هەیە، بەڵام ئەمە ئەو قۆناغەیە کە پێکەوە دەینوسینەوە."
عەبدوڵاش گوتی " ئێمە سوپاسی خەڵکی ئێوە، وڵاتەکەتان و بەڕێوەبەرایەتییەکەتان دەکەین."
سەرۆک جۆو بایدن ڕۆژی چوارشەممە لە وتارێکیدا بە فەرمی کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمەریکای لە ئەفغانستان هەتا 11 ی مانگی 9 ڕاگەیاند.
بایدن گوتی " وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە یەکی مانگی پێنجەی ئەمساڵەوە دووا کشانەوەمان لە ئەفغانستان دەستپێدەکات. ئێمە پەلە ناکەین لە دەرچوونمان. ئێمە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە، بە مەبەست و بە سەلامەتی ئەنجامی دەدەین و بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ هاوپەیمانامان و هاوبەشانماندا ئەم کارە دەکەین کە ئێستا لە ئێمە زیاتر هێزیان لە ئەفغانستان هەیە."