Accessibility links

بایدن: لە یەکی مانگی پێنجەوە دەستدەکەین بە کشانەوەی هێزەکانمان لە ئەفغانسان


سەرۆک جۆو بایدن ڕۆژی چوارشەممە لە وتارێکیدا بە فەرمی کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمەریکای لە ئەفغانستان هەتا 11 ی مانگی 9 ڕاگەیاند.

بایدن گوتی " وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە یەکی مانگی پێنجەی ئەمساڵەوە دووا کشانەوەمان لە ئەفغانستان دەستپێدەکات. ئێمە پەلە ناکەین لە دەرچوونمان. ئێمە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە، بە مەبەست و بە سەلامەتی ئەنجامی دەدەین و بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ هاوپەیمانامان و هاوبەشانماندا ئەم کارە دەکەین کە ئێستا لە ئێمە زیاتر هێزیان لە ئەفغانستان هەیە."

لە وتارەکەیدا کە لەلایەن کۆشکی سپییەوە بڵاوکرایەوە ڕایگەیاند " ئێمە بە هۆی هێرشێکی ترسناکەوە کە 20 ساڵ لەمەوبەر ڕوویدا، چووین بۆ ئەفغانستان، ناتوانرێت ڕوون بکرێتەوە کە بۆچی پێویستە لە ساڵی 2021یش لەوێ بمێنینەوە."

ئەو باسیشی لە مەبەستی سەرەکی چوونی هێزەکانی ئەمەریکا کرد بۆ ئەفغانستان کە ڕێگرتن بوو لەوەی ئەفغانستان وەکو بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر و ئەمەریکا بەکارنەیەتەوە و گوتی " ئێمە ئەوەمان کرد و گەیشتین بەو ئامانجە."

ئەو گوتیشی ئوسامە بن لادن 10 ساڵ لەمەوبەر گەیشت بە سزای خۆی و دە ساڵ پاش کوشتنی بن لادنیش ئێمە لەوێ ماوین و لەوکاتەوە هۆکاری مانەوەمان لە ئەفغانستان ناڕوون بووە.

گوتیشی ناتوانین ئێمە هەر وا بمێنینەوە، بە هیوای ئەوەی بارودۆخێکی نمونەیی لە ئەفغانستان بێتە ئاراوەو بکشێینەوە.

هاوکات ڕایشیگەیاند کە لەگەڵ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا جۆرج بوش، کە ئەو سەرۆک بوو کاتێک بڕیاری هێرشەکەی ئەفغانستان درا، قسەی کردووە لەسەر ئەم بڕیارە.

گوتی "من چواهەم سەرۆکی ئەمەریکا لەوکاتەوەی کە هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستانن، دوو کۆماری و دوو دیموکرات و من ئەم بەرپرسیارێتییە ناخەمە ئەستۆی سەرۆکی پێنجەم."

هۆشداری بە تالیبان دا " دەبێت بزانن ئەگەر بێت و لە کاتی کشانەوەی هێزەکانمان لە ئەفغانستان هێرش بکەنە سەرمان، ئەوە ئێمە بە هەمو تواناکانمانەوە بەرگری لە خۆمان و هاوپەیمانانمان دەکەین."

سەرۆک بایدن سوپاس هاوپەیمانانی ئەمەریکاشی کرد بۆ ئەوەی شانبەشانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان شەڕیان کرد.

سەرۆک بایدن گوتیشی هەرچەندە لە ئەفغانستان دەردەچین بەڵام چاوپۆشی ناکەین لە هەڕەشەی تیرۆرستان " ئێمە تواناکانی دژە تیرۆمان ڕێکدەخەینەوە بۆ ڕێگری کردن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆرستان لە ناوچەکەدا. ئێمە تالیبان بەرپرسیار دەکەین ئەگەر بەڵێنەکانی بەجێ نەگەیەنێت بۆ ڕێگەنەدان بەوەی خاکی ئەفغانستان بۆ هێرش کردنە سەر وڵاتەکەمان بەکار نەیات. حکومەتی ئەفغانستیانیش ئەو بەڵینەی پێداوین."

سەرۆک بایدن سوپاسی سەربازانی ئەمەریکایش کرد و ئاماژەی بە قوربانییەکانی سەربازانی ئەمەریکا کرد لە ئەفغانستان.

XS
SM
MD
LG