Accessibility links

پۆلیس: پێناچێت هێرشەکەی کۆنگرێس پەیوەندی بە تیرۆرزمەوە هەبێت


پۆلیسێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا کوژرا و یەکێکی تریش برینداربوو دوای ئەوەی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی پیاوێک بە ئۆتۆمبێلەکەی لە یەکێک لە بەربەستەکانی دەروازەیەکی بینای کۆنگرێس خۆی کێشا بە دوو پۆلیسدا پاشان لە ئۆتۆمبێلەکەی دابەزیو و بە چەقۆوە بە ئاراستەی پۆلیسەکان چووە.

کاربەدەستان دەڵێن هێرشبەرەکە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. هەردوو پۆلیسەکانیش دەستبەجێ گەیەندرانە نەخۆشخانە و بەرپرسی پۆلیسی کۆنگرێس بە وەکالەت یۆگاناندا پیتمان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی یەکێک لە پۆلیسەکان " لە ئەنجامی برینەکانی گیانی لەدەستدا".

پیتمان نە ناوی پۆلیسەکەی کە گیانی لەدەستدا و نە ناوی هێرشبەرەکە ئاشکرا نەکرد و گوتی هێشتا لێکۆڵینەوە کردن لەسەر ڕووداوەکە بەردەوامە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر ئەوەش بڵاو نەکراوەتەوە ئایا ئەم ڕووداوە پەیوەندی بە ڕووداوی هێرشەکەی شەشی مانگی 1 بۆ سەر کۆنگرێسەوە هەیە یانا نا بەڵام ڕۆبەرت کۆنتی بەرپرسی پۆلیسی واشنتن دی سی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا بە پەیامنێرانی گوت " بەوە ناچێت ڕووداوەکە پەیوەندی بە تیرۆرسمەوە هەبێت."

لە هێرشی گێرەشێوێنەکانی شەشی مانگی 1دا بۆ سەر کۆنگرێس پێنج کەس گیانیان لە ناویاندا برایەن سکنیکی ئەفسەری پۆلیسیش.

پیتمان گوتی ئەم ساڵ ساڵێکی زۆر سەخت بووە بۆ پۆلیسی کۆنگرێس و داوای لە خەڵکی کرد لە کاتی نزاکانیاندا پۆلیسی کۆنگرێس خێزانەکانیان لەبیر نەکەن.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران نانسی پیلۆسی فەرمانی کرد ئاڵای ئەمەریکا لە کۆنگرێس نزم بکرێتەوە.

لە کاتێکدا لێکۆڵێنەوە کردن لە ڕووداوەکە بەردەوامە باری نائاسایی لە بینای کۆنگرێس کۆتایی پێهات بەڵام باری ئاسایشی پایتەختی ئەمەریکا توندکراوە.

XS
SM
MD
LG