ئیتالیا ڕۆژی چوارشەممە دوو دیپلۆماتی ڕوسیایی لە وڵاتەکەی دەرکرد دوای ئەوەی پۆلیس ڕایگەیاند کاپتنێکی هێزی دەریایی ئیتالیایان گرتووە کە بەڵگەنامەی نهێنی بۆ کاربەدەستێکی سەربازی ڕوسیا لە بەرامبەر پارەدا گواستۆتەوە.
پاش کۆبونەوەکەیان لە شەوی سێشەممە پۆلیسی کارابینێری ئیتالیا ڕایگەیاند ئەو کاپتنە ئیتالیاییە و ئەندامی باڵیۆزخانەی ڕوسیا لە پارکێکی ئۆتۆمبێل لە ڕۆما دەستگیرکران و تۆمەتبارکراون بە "تاوانی گەورەی پەیوەست بە سیخوڕی و ئاسایشی نیشمتمانییەوە".
گومانبارەکان بە فەرمی ناسمانەیان ئاشکرا نەکراوە. سەرچاوەیەکی پۆلیس ڕایگەیاند کاپتنەکە بە واڵتەر بیۆت ناسراوە و 5 هەزار یۆرۆ (5،900 دۆلار) ی بۆ ئەو گواستنەوەی ئەو زانیاریانە وەرگرتووە.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە پەیوەندی بە بیۆتەوە نەکراەو کە دەستبەسەرە، وە نێوی پارێزەرەکەیشی ئاشکرا نەکراوە.
ئاژانسی دەنگوباسی ئانسا دەڵێت بەڵگەنامەی NATOیش لە نێو ئەو فایلانە بوون کە ئیتالییەکان داویانە بەدەستەوە کە نیگەرانی ئاسایشی بۆ هاوپەیمانی لەشکری ڕۆژئاوایی لێ کەوتۆتەوە.
ئیتالیا دەستبەجێ بانگی باڵیۆزی ڕوسیا سەرگێ ڕازۆرڤی کرد بۆ دەربڕینی نیگەرانییەکانی و دوو کاربەدەستی ڕوسیایی لە وڵاتەکە دەرکردووە کە بڕوا دەکرێت دەستیان لەو کێشەیەدا هەبێت کە وەزیری دەرەوە بە " کێشەیەکی ئێجگار ڕژد" ناودێری کردووە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگری ئیتالیا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند بیۆتی 54 ساڵ پلەی کاپتنی هەبوو بەڵام لە وەزارەتی بەرگری کاری دەکرد کە ئەرکی پەرەپێدانی سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی و بەڕێوەبردنی بەشێک لە پەیوەندییەکان بووە لەگەڵ هاوپەیمانی ئیتالیادا.
پێشتریش لەیەکەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی وەزارەت کاری کردووە. ناو و وێنەکەی لە کتێبی پەیوەندیەکان بۆ سەرۆکایەتی یەکێتی ئەوروپا 2014 ی ئیتالیا دەردەکەوێت.
دی مایۆ، گوتیشی "تۆمەتی سیخوڕی کردن بۆ ئەفسەرانی ئیتالی و ڕوسیایی ئەوە دەردەخات کە دەبێت لە نزیکەوە لەگەڵ ئەوروپا و هاوپەیمانانمان بەردەوام کار بکەین بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی هاوڵاتیانمان پەرە پێبدەین."
ئاژانسەکانی هەواڵی ڕوسیا بە ئاماژەدان بە باڵیۆزخانەی ڕوسیا لە ئیتالیا، ڕایانگەیاندووە، کە ئەو دووکەسەی دەرکراون لە نووسینگەی هاوپێچی سەربازییدا کاریان کردووە. کاربەدەستان نەیانگوت ئایا ئەو کاربەدەستانەی سوپای ڕوسیا کە چاوی بە کاپتنەکە کەوتبوو یەکێک بوو لەوانەی کە فەرمانی دەرچوونی دراوە یان نا.
ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕوسیا لە زاری یاسادانەرێکی ڕوسیاییەوە ڕایگەیاند مۆسکۆ یەکدەنگ دەبێت لە ئاست ئەو دەرکردنە لە دۆسێیەکی لەو جۆرەدا.
هەرچەندە لێدوانەکانی بەوە دەچێت ڕوسیا نەیەوێت شتەکە گەورە بکاتەوە. لە زاری وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیاوە ڕاگەیەندراوە ، کە دڵگرانە بە دەرکردنەکان، بەڵام هەڕەشەیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان نەکردووە.
پێشتر ، کرملین گوتی زانیاری لەسەر بارودۆخی ئەو کەیسە نییە بەڵام هیوای خواست ئەو دوو وڵاتە پەیوەندی ئەرێنی و بنیاتنەری خۆیان بپارێزن .