Accessibility links

هەسەدە و هێزەکانی هاوپەیمانان هەڵمەتێکی ئاسایشی لە ئۆردوگای ئەلهۆل دەستپێدەکەن


کەسوکاری داعش لە ئۆردوگای ئەلهۆل
کەسوکاری داعش لە ئۆردوگای ئەلهۆل

هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستیان کردووە بە هەڵمەتێکی ئاسایشی لە ئۆردوگای ئەلهۆل لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دژی "باڵەکانی دەوڵەتی ئیسلامی"
لەم هەڵمەتەی ئەمڕۆ یەکشەممەدا دەیان کەس دەستگیرکراون.

ڕوانگە، ڕێکخراوی سوریایی بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ، بنکە لە لەندەن دەڵێت دەستپێکردنی ئەم هەڵمەتە ئاسایشیە پاش ژمارەیەک ڕووداو و هەروەها ئەو کردەی کوشتنانەیە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە ئۆردوگاکەدا ڕوویانداوە.

ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕیوبەری ڕوانگە دەڵیت " زیاتر لە 30 ژن و پیاوی گومانبار بەوەی سەر بە داعش بن دەستگیرکراون لەوەتای دەستپێکردنی هەڵمەتە ئاسایشییەکەوە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممەوە."
2 کاربەدەستی میدیا لەناو هێزەکانی سوریای دیموکراتدا پێشتر دەستپێکردنی ئەم کردە ئاسایشییەیان ڕاگەیاند و دەشڵێن " بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا ئەم هەڵمەتە ئاسایشیە دەستیپێکردووە."

نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام ئاگاهیداوە لە خراپبوونی ڕەوشی ئاسایشی ئۆردوگاکە کە نزیکەی 62 هەزار کەسی تیادا دەژی و لە سەدا 93یان ژن و منداڵن.

بەپێی ئاماری ڕوانگە، لەوەتای سەرەتای ئەمساڵی 2021ەوە تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە نزیکەی 40 تاوانی کوشتن لەو ئۆردوگایەدا کراوە کە خێزانە سوریایی و عێراقی و بیانیەکانی داعشیان لێدانراون.

وەین مارتن، وتەبێژی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسەکانی دەنگ و باس دەڵێت "ئامانجی ئەم هەڵمەتە ئاسایشیە، لاوازکردن و تەگەرە دانانە لەبەردەم جموجۆڵەکانی داعشدا لەناو ئۆردوگاکەدا و هەروەهاش بۆ پاراستن و ڕێگەکردنەوەیە بۆ ڕێکخراوە خێرخواکان تا یارمەتی و کۆمەکەکانیان بگەیەنن."

کاربەدەستانی کورد لە سوریا، لەسەر ئاژاوە و گێرەشێوێنییەکانی ناو ئۆردوگای ئەلهۆل، پەنجەی تاوان بۆ "شانەکانی داعش" ڕادەکێشن، هەرچەندە هەندێک لە ڕێکخراوە خێرخواکان دەڵێن دەشێت تیرە و تیرەگەرایی، یەکێک بێت لە هۆکارەکانی ئەو ئاژاوەگێڕی و تاوانانەی لەناو ئۆردوگاکەدا ڕوودەدەن.

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕۆژی 23ی مانگی 3ی ساڵی 2019 ڕایگەیاند شەڕەکانی دژی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی کۆتاییپێهات، بەڵام تێرۆیستانی دەوڵەتی ئیسلامی پاش ئەو ڕاگەیاندنەش ژمارەیەک هێرشیان کردۆتە سەر هێزە کوردیەکان لە بیابانی سوریادا و هەروەهاش هێرشیان کردۆتە سەر هێزەکانی حکومەتی سوریا.

دەسەڵاتدارانی کورد لە سوریا داوای گەڕاندنەوەی ژنان و منداڵانی ئۆردوگای ئەلهۆل دەکەن بۆ وڵاتەکانی خۆیان، بەڵام زۆربەی ئەو وڵاتانە و بەتایبەتیش وڵاتانی ئەوروپایی دوودڵن لە وەرگرتنەوەی هاوڵاتییەکانیان.
هەندێک وڵات لەوانە فەڕەنسا ژمارەیەکی سنورداری منداڵانی بێ باوانیان گەڕاندۆتەوە.

هەسەدە ئاگاهیدەدات سەبارەت بەوەی "مەترسییەکانی داعش هێشتاش لە نێوان هەزاران دەستگیرکراوی داعشدا بەردەوامە و لەناو خێزانە دەستگیرکراوەکانیشیاندا لە ئۆردوگاکانی ئەلهۆل و ڕۆژ."
لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی جموجۆڵێکی ئەوتۆ نەبینراوە بەرامبەر ئەم دۆسێیە.

XS
SM
MD
LG