Accessibility links

مردنی پزیشکێک سەرنج دەخاتەوە سەر ژیان و مێژووی جوو لە عێراق


دکتۆر زافر فوئاد ئیلیاهۆ
دکتۆر زافر فوئاد ئیلیاهۆ

مردنی دکتۆر زافر فوئاد ئیلیاهۆ، پزیشکە ناودارە جووەکەی عێراق کە بە "پزیشکی هەژاران" ناسراوە، کاریگەرییەکی قوڵی لای عیراقییەکان جێهێشتووە. ئەم کاریگەرییەش هەر تەنها بەهۆی هەڵوێستە مرۆییەکانیەوە نەبووە، بەڵکو یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی تریش، سەرنج ڕاکێشان بووە بۆ ئەو کەمبوونەوە بەرچاوەی لە ژمارەی جووەکانی عێراقدا هەیە.

جووەکان لە سەدان ساڵ لەمەوبەرەوە لە عێراق ژیاون و وەک زۆرێک لە سەرچاوەکان ئاماژەی پێدەکەن لە ئێستادا تەنها 4 جوو لە عێراقدا ماون.

دکتۆر ئیلیاهۆ، کە یەکێک بوو لە ناودارترین پزیشکەکانی پسپۆڕی ئێسک لە عێراق، ڕۆژی 15ی مانگی 3 لە گۆڕستانی تایبەتی جووەکان لە شاری سەدر لە بەغدا بە خاک سپێردرا.

ئەو گۆڕستانە کەس سەردانی ناکات و کەسێکی تەمەن 50 ساڵ، زێوانی گۆڕستانەکەیە.

خوشکێکی دکتۆر ئیلیاهۆ (پێی باشتر بوو ناوی نەهێنرێت) بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە لە بەخاک سپاردنی براکەیدا بەشدار بووە و نوێژی ئاینی جووەکانیشی لەسەر کردووە و دەشڵێت "هاوڕێکانی دکتۆر ئیلیاهۆ بەشدارییان کردووە و هەر یەکەشیان بەپێی ئاینی خۆیان نوێژیان بۆ کردووە."

ئەم مەڕاسیمی نوێژ و نزا کردنە بە ڕۆژی ڕووناک لە بەغدا کارێکی دەگمەنە. بەغدا تەنها یەک کنیشتی جووەکانی لێماوە کە بتوانرێت بەکاربهێنرێت.

پێشتر جوو لە بەغدا، نزیکەی لە سەدا 40ی دانیشتوان بوون و هەروەها دووهەم گەورەترین پێکهاتەی ئەم شارەی پایتەختی عێراق بوون.

لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوودا، خێزانە جووەکان توخمێکی گرنگی کۆمەڵگەی عێراقی بوون و تا ئێستاش عێراقییەکان کەسایەتییەکی وەک ساسون حسقێل لەبیرناکەن کە وەزیری دارایی یەکەم حکومەتی عێراقی بووە لەسەروەختی بەریتانیاییەکاندا و یەکەم کەسیش بوو سیستەمی دارایی بۆ عێراق داناوە.

بەپێی زانیارییەکان، دەکرێت بگوترێت ئەو جووانەی ماون لە عێراق لە ماڵەکانی خۆیاندا مەڕاسیمە ئاینییەکانی خۆیان دەکەن و وەک باسیش دەکرێت کاتێک جووەکان سەردانی دامەزراوەیەک دەکەن بۆ ڕاییکردنی کاروبارێکیان، خراپ سەروسەودایان لەگەڵدا دەکرێت.

لە سەرەتای ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردوودا، جوو لە عێراق ڕووبەڕووی شاڵاوێکی گەورەی کوشتن و تاڵانکردن بوونەوە و لە مێژووی نوێی عێراقدا ئەو تاڵانکردنانە بە "فەرهود" ناودێر کراوە.

لە ساڵی 1948دا کە دەوڵەتی ئیسرائیل دامەزرا پاش شەڕەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا بە عێراقیشەوە، زۆربەی ئەو جووانەی لە عێراق دادەنیشتن، چوون بەرەو ئیسرائیل، ئەو کاتە ژمارەکەیان بە 150 هەزار کەس مەزەندە دەکرا. بەگشتی ناتوانرێت بگوترێت چوونی جووەکان لە عێراقەوە بۆ ئیسرائیل وەک بڕیارێکی خۆبەخشانەی خۆیان بووە.

لە ساڵی 1951دا، نزیکەی لە سەدا 96ی جووەکان، عێراقیان جێهێشت، دواتریش ڕێژەی جیهێشتنی عێراق هەر زۆر بوو، بەتایبەتیش پاش سەپاندنی بڕیاری مەرگ بەسەر ژمارەیەک بازرگانی جوودا لە ساڵی 1969دا بە تاوانی سیخوڕایەتی کردن بۆ ئیسرائیل. ئەم بڕیارانەش لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی بەعسدا دراون.

دوای ڕوخاندنی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی سەدام حوسەینیش، جووەکان لە عێراق ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی دەبوونەوە.

ژمارەیەک چەکدار هەڕەشەیان لە زێڕەنگەرێکی جوو کرد و ناچاریان کرد وڵاتەکە جێبهێڵێت.
عامر موسی نەسیم، نەوەی میر ئەلبەسری کە بە یەکێک لە نوسەر و ئابوریناسە ناودارەکانی عێراق دادەنرێت، لە ساڵی 2011دا ناچارکرا بڕواتە دەرەوەی عێراق.

لە ساڵی 2009دا بەپێی بروسکەیەکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق، تەنها 8 جوو لە عێراق ماونەتەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، 219 هەزار جووی بە ڕەسەن عێراقی، لە ئیسرائیل دەژین و موڵک و ماڵی خۆیان لە عێراق جێهێشتووە.
لە ئێستادا گەڕاندنەوەی ئەو موڵک و ماڵانە بۆ جووەکانی عێراق پێویستی بە بڕیاری پەرلەمان هەیە.

XS
SM
MD
LG