Accessibility links

زانیاری نوێ لەبارەی ڤاکسینی ئەسترازنێکای دژ بە کۆرۆنا


ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە کۆمپانیای دەرمانسازی ئەسترازنێکا زانیاری نوێی لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەو ڤاکسینەی دژی کۆڤید-19 بڵاو کردەوە کە لەلایەن کۆمپانیاکەو زانکۆی ئۆکسفۆردەوە دروستکراوە.

زانیارییە نوێیەکان، لەسەر بنەمای تاقیکردنەوە پزیشکییە دوا قۆناغییەکەی کە زیاتر لە 30 هەزار بەشداربووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەخۆ دەگرێت، دەریدەخات ئەو ڤاکسینەی بە دوو بەش لێدەدرێت 76 ٪ کاریگەرە لە ڕێگەگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ئەم زانیارییە جیاواز بوو لە ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی دووشەممەی ئەو کۆمپانیا دەرمانسازییە بەریتانی و سویدییە کە گوتی ڤاکسینەکە لە 79% کاریگەریی دژ بە ڤایرۆسەکەی هەیە.

ئەو ڕاگەیاندنانە خرانە ژێر گومانەوە چەند کاتژمێرێک پاش ئەوەی ئاژانسێکی چاودێری سەرەکی سەر بە حکومەتی ئەمەریکا، دەستەی چاودێری داتا و سەلامەتی دەرمان، ڕایگەیاند " ڕەنگە ئەسترازنێکا زانیاری کۆنی بەکارهێنابێت" هینی دووا قۆناغی تاقیکردنەوە پزیشکییەکان .

بەیاننامەکەی دەستەی سەربەخۆی شارەزایان دوواین زیان بوو بۆ ڤاکسینەکەی ئۆکسفۆرد و ئەسترازنێکا، کە توشی گرفتی جیهانی بووە. چەند وڵاتێکی ئەوروپا بەم دواییانە بەکارهێنانی ئەو ڤاکسینەیان ڕاگرت بەهۆی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە شیانی دروستبوونی مەینی خوێن لە نێو خوێنبەرەکاندا. ئافریکای باشوور بەکارهێنانی ڤاکسینەکەی ڕاگرت بەهۆی نیگەرانی لەمەڕ کاریگەری دژ بە شێوازە خۆجێهییەکەی ڤایرۆسەکە. ئەو وڵاتە بەلایەنی کەم 1 ملیۆن فاکسینی ئەسترازنێکا و ئۆکسفۆردی فڕۆشتەوە بە یەکێتی ئافریکا.

هەرچەندە ئاژانسی دەرمانی ئەورپایی، دەستەی پەسەندکردنی دەرمانی یەکێتی ئەوروپا، گوتویەتی ڤاکسینەکە سەلامەتە و هیچ مەترسییەک بۆ دروستبوونی مەینی خوێن لە نێو خوێنبەرەکاندا دروست ناکات. ئاژانسی تەندروستی فیدراڵی کەنەدا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ڕێنماییەکانی سەر دەرمانەکە نوێ دەکاتەوە و زانیاری ئەوەی لەسەر دەنوسێت کە " ڕاپۆرتی دەگمەن هەیە لەسەر دروستبوونی مەینی خوێن" بەڵام بەردەوامە لە پشتیوانی کردن لە سەلامەتی و کاریگەری ڤاکسینەکە دژ بە کۆڤید-19.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە دوایدا پێشنیاری بەکارهێنانی ڤاکسینی ئۆکسفۆرد - ئەسترازێنێکا دژ بە هەمەرەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات و گوتیشی ئەو ڤاکسینە بە قازانجی خۆی لە مەترسیەکانی زیاتر دائەبەزێ .

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشتر بەکارهێنانی ڤاکسینەکەی پەسەند کرد و گوتی کاریگەر و سەلامەتە.

هەتا ئێستا زیاتر لە 124 ملیۆن و 600 هەزار کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و زیاد لە 2 ملیۆن و 700 هەزار کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکە لە سەرانسەری جیهاندا گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG