Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا سەردانی وڵاتانی ئاسیا دەکات


وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت دەست بە سەردانێک دەکات بۆ ژمارەیەک وڵاتی ئاسیا بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاریی لەشکریانە لەو ناوچەیەی جیهاندا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئەمەریکادا وەک دەڵێت بۆ پێکهێنانی "سپەرێکی متمانە پێکراو" بۆ بەرەنگاربوونەوەی وڵاتی چین.

لۆید ئۆستن، لە هاوایی، بنکەی سەرکردایەتی لەشکری ئەمەریکا بۆ ناوچەکانی هەردوو ئۆقیانوسی هیندی و ئارام، سەردانە یەک هەفتەییەکەی دەستپێدەکات و دەچێتە تۆکیۆ و سیۆڵ و نیودەلهی. ئەمەش یەکەمین سەردانی وەزیری بەرگری ئەمەریکایە بۆ دەرەوەی ئەمەریکا، لەوەتای لە ڕۆژی 22ی مانگی یەکەوە پۆستی وەزارەتی بەرگری وەرگرتووە.

لە لێدوانەکەشیدا بۆ ئەو پەیامنێرانەی یاوەریی دەکەن لەم سەردانەدا، وەزیری بەرگری ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردووە وەک دەڵێت "ئەم سەردانە پەیوەندی بە هاوپەیمانێتی کردن و هاوبەشییەکانە و هەروەها پەیوەندیشی هەیە بە بەرزکردنەوەی تواناییەکانمان."
لۆید ئۆستن باسی لەوەش کردووە "لە کاتێکدا ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەنگیی خستۆتە سەر بەرەنگاربوونەوەی جیهادییەکان، وڵاتی چین بە خێراییەکی زۆر لەشکر و تواناییە سەربازییەکانی خۆی نۆژەن دەکاتەوە."

ئۆستن دەڵێت "ئامانجمان، دڵنیابوونە لەوەی توانایی و پلان و پرەنسیپە کردەییەکانمان هەن تا بتوانین بەرەنگاربوونەوەیەکی متمانە پێکراومان هەبێت لە بەرامبەر چین و هەر لایەکی تری دەیەوێت هێرش بکاتە سەر ئەمەریکا."
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش هاوکاتی سەردانەکانی وەزیری بەرگری بۆ تۆکیۆ و بۆ سیۆڵ، لەوێ دەبێت و لەگەڵ هاوشانەکانیان لە ژاپۆن و لە کۆریای باکور کۆدەبنەوە.

لۆید ئۆستن دەڵێت "ئەوەی من و وەزیری دەرەوەش دەمانەوێت، بریتین لە تۆکمەکردنی هاوپەیمانێتییەکانمان و گوێگرتنە لە ڕوانینەکانیان، بە ئامانجی بەرز ڕاگرتنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا."

سەردانەکانی هەردوو وەزیری بەرگری و دەرەوەی ئەمەریکا، بەر لە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی تیمی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدنە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی چیندا و بڕیارە ئەو کۆبوونەوەیەش لە ئالاسکا بکرێت.

XS
SM
MD
LG