کاربەدەستان ڕایانگەیاند ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو شەوی هەینی لە نزیک بنکەیەکی پۆلیس لە پارێزگای هەراتی ڕۆژئاوای ئەفغانستان تەقیوەتەوە کە بۆتە هۆی کوژرانی بەلایەنی کەم حەوت کەس و زیاتر لە 50 کەسی دیکەشی برینداربوون.
پارێزگاری هەرات سەید عەبدولواحید قەتالی ڕایگەیاند، ژمارەیەک ژن و منداڵ لەنێو ئەوانەن کە گیانیان لەدەستداوە.
قەتالی ئەوەشی خستەڕوو کاتێک لە دەمی ئێوارە ڤانێکی پڕ تەقەمەنی لە بەشێکی قەرەباڵغی شارەکە دا تەقیوەتەوە بەلایەنی کەمەوە 53 کەس لە هاوڵاتیانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.
قەتالی گوتیشی" بەهۆی تەقینەوەکە دەیان ماڵ و دوکان زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها کارمەندانی فریاگوزاری بە پەلە خۆیان گەیاندۆتە شوێنی ڕووداوەکە بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی لەژێر ماڵ و دوکانە ڕووخاوەکاندا گیریان خواردووە.
بە وتەی محەمەد ڕەفیق شەرازی کە بەرپرسی باڵای تەندروستییە، هەشت تەرم کە دووانیان ژنن و سیانیان منداڵن، لەگەڵ دوو هاوڵاتی دیکە پیاوێک و یەکێک لە ئەندامانی سوپا لەناو بریندارەکاندا بوون و گوازراونەوە بۆ نەخۆشخانە.
شەرزای گوتیشی" 47 کەسی دیکە کە لە نێویاندا 20 ژن، 11 پیاو، هەشت منداڵ و هەشت ئەندامی هێزە ئەمنییەکان هەن برینداربوون، هەروەها 10 برینداریش لە بارودۆخێکی خراپدان.