Accessibility links

ئەو دوو کاربەدەستەی ئێران کە ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە سزای خستە سەریان، کارمەندی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانن


لە دەستە ڕاستەوە، مەسعود سەفدەری و عەلی هیمەتیان

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکیدا کە ئێوارەی سێشەممە بڵاوی کردەوە، ڕایگەیاند بەهۆی پێشێلکارییکان بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ سزای خستووەتە سەر دوو بەرپرسی ئێرانی. لەوەتای دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەرایەتی جۆو بایدنئەمە یەکەمین سزای ئەمەریکایە لە دژی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، عەلی هیمەتییان و مەسعود سەفدەری کە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانن ڕووبەڕووی سزای ئەمەریکا بوونەتەوە.

هەتا چەند مانگێک پێش ئێستاش هیچ زانیارییەکی گشتی لەسەر ئەو دوو کەسە نەبووە تا ئەو کاتەی کە چەند چالاکوانێکی سیاسی و زیندانی پێشوو، ناسنامەی ئەم دوو کەسەیان ئاشکرا کرد لە ڕێگای چەند وێنەیەکەوە کە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئایەتوڵا عەلی خامنەئی ڕێبەری باڵای ئێران بڵاو کرابوونەوە. مەهدیە گوڵڕو وموحسین موهیمەنی دوو چالاکی سیاسی و مەدەنی ئێرانی کە ماوەیەکیان لە زیندانەکانی ئێراندا بردووەتە سەر، دوای بڵاو بوونەوەی وێنەی ئەم دوو کەسە، هەردووکیان وەک لیکۆلەر و ئەشکەنجەدەری زیندان ناساندووە.

وێنەکە دواتر لە ئاژانسەکانی هەواڵدا لابرا. عەلی هیمەتییان یەکێک لە لێکۆلەرەکانی بارەگای سارۆڵای سوپای پاسدارانە و بە رەئۆف ناسراوە.

کەسی دووهەمیش، مەسعود سەفدەری پێشتر بە ناوی سەتار لەلایەن هەندێ لە زیندانییەکانەوە ناسرابوو. بە پێی قسەی زیندانیانی سیاسی ناوبرا لە کاتی لێپرسینەوەدا لە ژوورەکەیاندا بووە و دانپیدانانی زۆرەملێی لێوەرگرتوون.

ڕۆژی سێشەممە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا، هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی سزاکان بۆ سەر ئەم دوو کەسە، ڕایگەیاند کە عەلی هیمەتییان و مەسعود سەفدەری بە هۆی پێشێلکارییە بەرچاوەکانی مافی مرۆڤی خۆپیشاندەران لە ساڵی 2019 و 2020 دا ڕووبەڕووی ئەم سزایە بوونەتەوە.

XS
SM
MD
LG