Accessibility links

کۆڤید-19 بە چ شێوەیەک کاردەکاتە سەر تەندروستی مرۆڤەکان


لە مانگی سێی ڕابردوودا کاتێک ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کۆڤید 19 ی وەکو پەتایەکی جیهانی ڕاگەیاند ، سەلمێندرابوو کە پەتایەکی کوشندەیە و زۆر بە خێراییش بڵاودەبێتەوە . ڤایرۆسێکی نوێ بوو کە زانیاری زۆری لەسەر نەبوو. لەو کاتەوە زانایان زۆر شت فێر بوون کە چ کاریگەرییەکی هەیەو زیانە درێژخایانەکانی چین.

کۆڤید-19 نەخۆشییەکی کۆئەندامی هەناسەدانە کە بەهۆی ڤایرۆسەوە دروست دەبێت — بە فەرمی بە SARS-COV2 ناسراوە.

ئەمە دووهەم جارە ڤایرۆسی کۆرۆنا خەڵکی نەخۆش بخات و ببێتە هۆی مردن. SARSبۆ یەکەم جار لە مانگی 11 ی ساڵی 2002لە چین دەرکەوت. شێوازی ئێستای ئەو ڤایرۆسە لە ساڵی 2019 لە چینەوە سەری هەڵدا، هەر بۆیە بە (COVID-19) ناودەبرێت.

ئەم وێنەیە لەلایەن ئینستتوتی نیشتمانی تەندروستی ئەمەریکا لە مانگی 2 ی ساڵی 2020 بڵاو کرایەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا SARS-CoV-2 نیشان دەدات
ئەم وێنەیە لەلایەن ئینستتوتی نیشتمانی تەندروستی ئەمەریکا لە مانگی 2 ی ساڵی 2020 بڵاو کرایەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا SARS-CoV-2 نیشان دەدات

ڤایرۆسەکە سییەکان دەگرێت. کە لە سییەکانیشی دا ئەو مۆلیکولسانە لاواز دەکات کە بەربەرەکانی لە هەوبوون دەکەن. بەشێکی زۆری خەڵکی چاک دەبنەوە بەڵام دەشێت زیانێکی زۆر بە سییەکان بگەیەنێت و نەخۆشەکان تەنگەنەفەس بکات.

تۆماس ستیل پێویستی بە چاندنی سییەکان بوو بەهۆی کۆڤید-19. ستیل ڕایگەیاند " هیچ شتێک هێندەی ئەوە ناخۆش نییە کە لە نەخۆشخانە بیت و نەتوانیت خۆت هەناسە بدەیت. من بۆ 58 ڕۆژ وا بووم."

سییەکان ئۆکسجین بۆ ناوو خوێنبەرەکان دەگوازنەوە ، ڤایرۆسەکە دەشێت زیانێکی وا بە سییەکان بگەیەنێت کە ڕێژەی ئۆکسجین دابەزێنێت .

لە هەندێک باردا پێویستە نەخۆشەکان بە ڕێگای ئامێری هەناسەدان هەناسە بدەن.

هەروەها کۆڤید-19 دەشێت بە شێوەیەکی مەترسیدار ببێتە هۆی کۆبونەوەی خوێنی مەیو لە نێو خوێنبەرەکاندا. ئەو کەسانەی کە گرفتی خوێنبەرەکانیان بەهۆی بەرزی فشاری خوێن یان جەڵتەی مێشکەوە بۆ دروست بووە یاخود ئەوانەی کە نەخۆشی دڵیان هەیە مەترسییەکانی ئەم کاریگەرییەیان زۆرترە.

ئەم خوێنە مەییوە دەشێت بە هەمو جەستەدا بڵاوبێتەوە، لە ناویاندا سییەکان و دڵیش. مەیینی خوێن دەشێت ببێتە هۆی جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشک.

دکتۆر ئاڵن ئاندرسۆن لە نێوەندی زانستی تەندروستی لە زانکۆی تێکساسی شاری سان ئەنتۆنیۆ، یەکێکە لەو پسپۆڕانەی نەخۆشی دڵ کە بینی کەسانێکی زۆر تەندروست گرفتی دڵیان لە ئەنجامی کۆڤید-19 بۆ دروست بوو.

ئاندرسۆن دەڵێت بەشێکی بەرچاوی نەخۆشەکان گرفتی دڵیان بۆ دروست بوو بەهۆی ڤایرۆسەکەوە. ڤایرۆسەکەو ئەو هەوبوونەی بەهۆیەوە دروست دەبێت، دەشێت زیان بە شانەی دڵ بگەیەنێت. هەندێک لەو زیانانە چاک دەبنەوە بەڵام هەندێکیان هەر دەمێنن.

پزیشکان بۆشیان دەرکەوت ڤایرۆسەکە دەشێت کاریگەرییەکی زۆر خراپی بۆ سەر گوورچیلەش هەبێت. لە ساڵی ڕابردوودا سیستمی تەندروستی گەورەی نیویۆرک پێداچوونەوەی بەسەر حاڵەتەکانی زیاتر لە 5 هەزار توشبوونی کۆرۆنا کرد.

دکتۆر کەنار جافری لە نیویۆرک یەكێک بوو لە نوسەرە سەرەکییەکانی ئەنجامەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە لە گۆڤاری Kidney Internationalبڵاو کرایەوە.

جافری دەڵێت " لەو 5،449 نەخۆشەی پێداچوونەوە بەسەر حاڵەتەکانیان کرابوو 36.6% یان دووچاری گوورچیلە وەستان یان زیانی گوورچیلە بوونەتەوە. لەوانەی کە توشی زیانی گوورچیلە بوون 14% یان پێویستیان بە پاککردنەوەی خوێنیان بە ڕێگای ئامێری تایبەت هەبووە.

زانایان هێشتا لێکۆلێنەوە لەسەر کاریگەرییەکانی کۆڤید-19 دەکەن. بەڵام مەترسیدارترین کاریگەری بۆ سەر سییەکانە. کاتێک زیان بە سییەکان دەگات زەحمەتتر ئۆکسجین دەچیتە خوێنەوە. و کۆئەندامەکانی جەستەش پێویستیان بە ئۆکسجین هەیە تا کاربکەن. ئەگەر ئۆکسجینیان بۆ نەڕوات ئەوا سییەکان، دڵ، گوورچیلەکان و جگەر ڕادەوەستن.

لەم حاڵەتانەشدا تەنانەت ئەگەر نەخۆشەکە ڕزگاریشی بێت ئەوا دووچاری کێشەی تەندروستی درێژدەم دەبێت.

ئەمە بریتییە لە نیشانەکانی وەکو شەکەتی بەردەوام، سەرئێشە، تەنگەنەفەسی یان ئازاری سنگ. هەندێکیش ڕەنگە دووچاری تەمی مێشک یان کێشەی لەبیرچوونەوە ببن. کەسانێکیش هەن هەست بە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی دەکەن.

هەندێک کەس نە تەنها ئەوانەی کە دەچنە نەخۆشخانە، بەڵکو ئەوانەش کە بە سووکی ڤایرۆسەکە دەگرن ڕەنگە بۆ ماوەیەکی درێژخایان ئەم نیشانانەیان بمێنێت. هەتا ئێستاش نازانرێت چ کەسانێکن توشی ئەم گرفتانە دەبن.

دکتۆر کرستن ئینگلەند شارەزای نەخۆشییە درمییەکان لە نەخۆشخانەی کلیڤلاند دەڵێت " لە ئێستادا ڕاستی نازانین چەن نەخۆش ئەم نیشانە درێژخایانەیان توش دەبێت. لێکۆڵینەوەکان لە 10% بۆ 80% یش پیشان دەدەن، جا دەشێت بەشێکی زۆری خەڵکی ئەم نیشانانەیان بۆ ماوەیەکی زۆر پاش چاکبوونەوەیان بمێنێت."

هەندێک ناوەندی پزیشکی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی نیشانە درێژخایانەکانیان هەیە دەستیان بە دامەزراندنی بەشی تایبەت کردووە.

ستیل دەڵێت " من هەرگیز نابمەوە کەسەکەی جاران." ئەو یەکێکە لەو کەسانەی کە کۆڤید-19 کاریگەرییەکی زۆری لێی کردووە و هەرگیز ناگەڕێتەوە دۆخی پێش ڤایرۆسەکە.

XS
SM
MD
LG