Accessibility links

ژنانی ئێران لەبەردەم توندوتیژی و بێکاریدا


چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێرانی بنکە لە ئێران و لە تاراوگە یادی ڕۆژی جیهانی ژنانیان کردەوە بە تیشکخستنە سەر ئاستەنگە سەرەکییەکانی کە ژنان لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا ڕووبەڕووی دەبنەوە لە ناویاندا ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی لەلایەن پیاوانەوە و بێکارییەکی زۆر هاوکاتی سەختییە ئابورییەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

جودابیرێکی بنکە لە ئێران نێرگس محەمەدی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت " وەکو ژنێک کە لە کۆماری ئیسلامیدا گەورە بووم من ڕاهاتووم بە دەستدرێژییەکان و سوکایەتیپێکردنەکانی لەلایەن ڕژێمەوە دەکرێن. بەڵام گوتیشی " من دژی ئەو شێوازە دەوەستمەوە کە ڕژێم بەم دواییانە مامەڵەی لەگەڵدا کردووم. بۆچی پۆلیسێکی پیاو دەستدرێژی کردە سەرم و توندبوو لەگەڵمدا. من بەردەوام ئەمەم لە کاربەدەستان پرسیوە تا بە نامەیەک وەڵامم بدەنەوە، بەڵام هەتا ئێستا ئەو کارەیان نەکردووە."

محەمەدی تەمەن 48 ساڵانی ڕۆژنامەوان و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ، لە مانگی 10 لە سزای زیندانی 5 ساڵی ئازاد کرا پاش چەندین ساڵی هەڵمەتی چالاکوانانی نێونەتەوەیی بۆ ئازادکردنی. لە پەیامێکی مانگی هەشتیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا هاوسەرەکەی کە لە فەرنسا دەژیت تاغی ڕەحمانی، گوتی محەمەدی پێویستی بە چارەسەری پزیشکی لە دەرەوەی زیندان هەیە بۆ نەخۆشی سییەکانی و سیستی بەرگری لەشی و هەروەها گوتیشی بۆ کیشەیەشی کە بەهۆی ئەشکەنجەی لە زیندان توشی بووە.

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی بنکە لە لەندەن ڕایگەیاند دەسەڵاتدارانی ئێرانی دەستدرێژییان کردووەتە سەر محەمەدی لە کاتێکدا لە زیندانی ئێوینی تارانەوە گوازراوەتەوە بۆ زیندانێکی شاری زانجانی باکوری ڕۆژئاوای ئێران، کە لە مانگی 5 ی ساڵی 2015 وە لەو زیندانەدا بوو. چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لەم ساڵەنەی دواییدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە نیشان دەدەن چالاکوانە ژنە ئێڕانییەکانی تریش دووچاری لێدان و دەستدرێژی دەبنەوە لەلایەن پیاوانەوە لەو وڵاتە ئیسلامییەدا.

بە پێی توێژەری کۆمەڵایەتی ئێرانییەکان لیلی نیکۆنزار کاندیدی دکتۆرا لە زانکۆی بەلجیکی KU لیوڤین، توندوتیژی خێزانی دژ بە ژنانیش کێشەیەکی ڕژدە لە ئێران. لە میانەی وتووێژێکیدا بۆ بەرنامەیەکی تایبەت بە ژنانی بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا لە زاری ڕێکخراوی تەندروستی ئێرانییەوە گوتیپەیوەندیە تەلەفۆنییەکان بۆ بەشی ڕاوێژکاری دەرونی ڕێکخراوەکەیان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا دووهێند بووە، زۆربەی تەلەفۆنەکانیش پەیوەندی بە توندوتیژی خێزانییەوە هەیە.

چالاکوانی مافەکانی ژنان و ڕۆژنامەوان مەحبوبە عەباسقالیزادە دانیشتوی لۆس ئانجلس بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئێران هیچ بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی پێشکەوتووی وەکو بزوتنەوەی " منیش" نییە بۆ شەڕی دژ بە توندوتیژی لەو جۆرە وبەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژی سێکسی. لە ساڵی 2006ەوە کە تارانا بورکی ڕزگاربووی ئەمەریکی بزوتنەوەکەی دامەزراند،چالاکوانان لە سەرتاسەری جیهانەوە دروشمی " منیش" یان گرتۆتەبەر بۆ تیشک خستنە سەر کەیسەکانی توندوتیژی سێکسی و یارمەتی ڕزگاربووان لە وڵاتانی خۆیاندا.

عەباسقالیزادە گوتیشی " بزوتنەوەی ' منیش' ی ئێران هێشتا بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی ئەمەریکا پێنەگەیشتووە، ئەمە بزوتنەوەیەکی ئێرانییە زۆر توڕەکانە کە ناتوانێت ژنان بەهێز بکات لە ڕووی پێشکەشکردنی ئامۆژگاری تەندروستی و دابینکردنی ئامرازەکانی تر بۆ هاوکاریکردنی ئەو ژنانەی کە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەریان تا بتوانن بەسەر گرفتە دەرونییەکەیاندا ساڵبن".

جێگری سەرۆکی ئێران بۆ کاروباری ژنان و خێزان، مەسعودە ئیبتکەر لە مانگی ڕابردوودا لە لێدوانی بۆ کۆڕبەندە هەرێمییەکان، توندوتیژی خێزانی و شێوازەکانی تری توندوتیژی دژی ژنانیلە وڵاتەکەیدا بە کەمنرخاند. هەروەها جەختی کردەوە کە ئێران لە " پێگەی باشتر " دایە لەچاو وڵاتانی تر کە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە کێشانەدا دەکەن .

بەڵام لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، نوسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند ڕاپۆرتێک پێشکەش بە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ دەکات لە ڕۆژی دواتردا کە باس لە " نیگەرانی جدی " دەکات سەبارەت بە توندوتیژی خێزانی لە ئێراندا. لە کاتێکدا ئاماژە بە هەندێک هەنگاوی ئەرێنی کراوە لە یاسای ئێراندا دژ بە هێرشی تێزاب، بەڵام ڕاپۆرتەکەی ڕاپۆرتنوسی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان جاڤید دەشڵێت فشار لە تاران دەکرێت تا کاری زیاتر بکات بۆ چاکسازی لە یاسای توندوتیژی دژ بە ژناندا.

ئێران یەکێکە لەو تەنها چەند وڵاتەی کە لە ساڵی 1979وە پەیماننامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ نەهێشتنی هەموو شێوەکانی جیاکاری لە دژی ژنان واژۆ نەکردووە .

ئاستەنگێکی تریش کە ڕووبەڕووی ژنانی ئێران دەبێتەوە ڕێژەیەکی زۆری بێکارییە کە لە ساڵی ڕابردووەوە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتریش بووە. لە وتووێژێکی تردا هەر لەگەڵ بەرنامەیەکی دەنگی ئەمەریکا چالاکوانی سیاسی ئێرانی بنکە لە بەرلین مەدیحە گولروو دەڵێت نزیکەی لە سەدا 70 ی ئەوانەی کارەکانیان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەدەستداوە ژنن.

XS
SM
MD
LG