Accessibility links

بۆمب هاوێژەکانی ئەمەریکا بە ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەسوڕێنەوە


2 فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ئەمەریکایی لە جۆری (بی 52) بە ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سوڕاونەتەوە بە ئامانجی ئاگادارکردنەوەی ئێران لە نێوەندی پشێوی و ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتۆن و تاراندا.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی سەرکردایەتی نێوەندی لەشکری ئەمریکادا هاتووە، دوو فڕۆکەی جۆی بی 52 کە چەند فڕۆکەیەکی تری جەنگییان لەگەڵدا بووە بە ئاسمانی ژمارەیەک وڵاتدا سوڕاونەتەوە، لەوانە ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودیە و قەتەر.
ئەمەش چوارهەمین جاری فڕینی ئەم جۆرە فڕۆکانەیە لە ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ماوەی یەک ساڵدا و دووهەم جاریشە لەوەتای جۆو بایدن، پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکای وەرگرتووە.

لەو ڕاگەیەندراوەی سەرکردایەتی نێوەندیی لەشکری ئەمەریکادا، ڕاستەوخۆ ئاماژە بە ئێران نەکراوە، بەڵام دەڵێت "ئەم گەشتە ئاسمانیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنکارییەکانە و هەروەهاش بۆ دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانەکان و هاوبەشەکانی ئەمەریکایە، کە لەشکری ئەمەریکایی وابەستەی ئاسایشە لە ناوچەکەدا."

ناردنی ئەم فڕۆکانە و فڕینیان بە ئاسمانی ئەو ناوچەیەی جیهاندا، لە چەند مانگی کۆتایی سەرۆکایەتییەکەی دانۆڵد ترامپدا وەک بارێکی ئاسایی لێهاتبوو.

بڕیاری سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بۆ کشانەوەکەی ساڵی 2018ی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنە ناوکییەکە زنجیرەیەک ڕووداو و ئاڵۆزی ئاست بەرزی لە ناوچەکەدا دروستکرد.

جۆو بایدن، خواستی خۆی دەربڕیوە بۆ گەڕانەوەی ئەمەریکا بۆ ئەو ڕێککەوتنە ناوکییەی هێزە باڵادەستەکانی جیهان لەگەڵ ئێراندا مۆریان کرد بەو مەرجەی تاران وابەستەی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە بێت. بەڵام هێشتاش ئاستی پشێویەکان بەرزن بەتایبەتیش بەهۆی هێرشی میلیشیا عێراقییەکانی لە ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا.

بە بڕیاری سەرۆک بایدن لە مانگی ڕابردوودا هێرشی ئاسمانی کرایە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو میلیشیایانەی بەرپرسیارن لەو هێرشانە لە ناو سنوری سوریادا.

XS
SM
MD
LG