Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان کوشتنی نزیکەی 23 کەس لە سنووری نێوان ئێران و پاکستان شەرمەزار دەکات


نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران، بەلانی کەمەوە دەیان کەس و ئەگەری هەیە تا 23 کەس کوژرابن کە سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لەو کەسانەی کە سوتەمەنی دەگوازنەوەو خۆپیشاندەرانی بەلوچ کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەفتەیەک لەمەوبەر ڕایگەیاند، ئێران لێکۆڵینەوە لە ڕووداوێک دەکات کە لەم هەفتەیەدا لە سنووری پاکستان ڕوویداوە و بە لایەنی کەم دوو ئێرانی کوژراون و ئیسلام ئابادیش تەرمی یەکێک لە قوربانییەکانی ڕادەست کردووەتەوە.

تەقەکردن لەو کەسانەی کە سوتەمەنی لە نێوان سنوورەکان دەگواستەوە بووە هۆی ناڕەزایی دەربڕین کە لە شاری سەرڤانەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی باشوری ڕۆژهەڵاتی سیستان و بەلوچستان تەشەنەی سەند تا گەیشتنە زاهیدانی پایتەختی پارێزگاکە.

گەوتەبێژی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕوپێرت کۆلڤیل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ژنێڤ ڕایگەیاند"زنجیرەیەک ڕووداوی توندوتیژ و نائارامی لە 22 ی مانگی 2 دەستیپێکرد، لە کاتێکدا سوپای پاسداران گوایە لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانی سەر سنووری پاکستان تەقەیان لەو کەسانە کردبوو کە سوتەمەنی دەگوازنەوە و دە کەسیان لێیان کوشتبوو، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دوو ڕۆژی لەلایەن سوپای پاسداران دەستپێکرد و ڕێگاکانی بەرەو شاری سەراڤان داخست."

ئەو هەروەها گوتیشی ئەو کوشتنکارییە بووە هۆی خۆپیشاندان لە چەندین شاری سەرانسەری پارێزگاکە، کە لە میانەی ئەو خۆپیشاندانانەدا هێزەکانی سوپای پاسداران تەقیان لە خۆپیشاندەران و ئەوانەی تەماشایان دەکردن کردووە.

کۆلڤیل دەشڵێت پشتڕاستکردنەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی لەو توندوتیژییەدا کوژراون سەختە بەهۆی داخستنی هێڵی مۆبایل و ئەنتەرنێتی ناوچکە، بەڵام ژمارەیەک ڕاپۆرتی پشتڕاستنەکراو ئاماژە بەوە دەکەن نزیکەی 23 کەس کوژراون.

ئەو دەڵێت " ئێمە داوا لە دەسەڵاتداران دەکەین دەستبەجێ هێڵەکانی ئەنتەرنێت و موبایل لە ناوچەکە بەکەنەوە کە هەتا ئێستاش داخراون."

دانیشتوانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان زۆربەی موسوڵمانیی سوننە ئاینزان، لە کاتێکدا زۆرینەی ئێرانییەکان شیعە ئاینزان.

XS
SM
MD
LG