Accessibility links

ئاژانسی ناوکی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئێران بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی کێشەکان کۆبونەوە ئەنجام دەدەن


ئاژانسی چاودێری ناوکی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند گەیشتووەتە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا بۆ ئەنجامدانی وتووێژ لە مانگی داهاتوو لە تاران بۆ " ڕوونکردنەوەی ژمارەیەک بابەتی گرنگ" ی وەکو هەبوونی یۆرانیۆم لە شوێنە ڕانەگەیەندراوەکاندا.

بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی ڕافایل گرۆسی بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کۆبونەوەکان هەوڵێکن بۆ ئەوەی بتوانرێت وەڵامی زیاتری ڕاستەوخۆ وەربگیرێت پاش وتووێژەکانی پشتر کە بە ڕێگای گۆڕینەوەی نامە و پەیام ڕوویاندا و پێشوەچوونی کەمی تێدا ئەنجام درا.

گرۆسی گوتیشی " یان دەبێت بەردەوام بیت لەم خولانەی کە دەشێت بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بن، یان شتێکی تر تاقی بکەیتەوە". ئەو گوتیشی " من بە هاوتا ئێرانییەکانم لە تاران گوت هەست دەکەم پێویستە بە ڕێگایەکی تر ئەم بابەتە تاوتوێ بکەین."

گرۆسی گوتی ئامانجی ئەوەیە کە " تێگەیشتنێکی زۆر ڕوونتر " هەبێت و بتوانرێت ڕاپۆرت بۆ دەستەی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی ئامادە بکات کاتێک کاتێک لە مانگی شەشی داهاتوو کۆدەبێتەوە.

ئەو گوتیشی " ئەگەر خواستێکی باش هەبێت، ئەوا دڵنیام ئێمە دەتوانین لە ڕەوشێکی زۆر باشتردا بین."

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی فەرمانڕەوایاندا ڕاگەیاند دەبێت ئێران بە تەواوی هاوکاری ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بکات بۆ چارەسەرکردنی پرسیارەکانی تایبەت بە ماددە ناوکییەکان لە شوێنە ڕانەگەیەندراوەکاندا بۆ ئەوەی نیشانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بدات کە بەرنامە ناوکییەکەی ئاشتیخوازانەیە.

لویس بۆنۆ بەرپرسی کاروباری ئەمەریکا بۆ ڕێکخراوەکانی نێونەتەوەیی لە بنکە لە ڤێنا گوتی " ئێستا دەرفەتێکی تر لەلایەن بەڕێوەبەری گشتییەوە بۆ ڕەخسێندراوە تا هاوکاری پێویست پێشکەش بکات بەر لە کۆبونەوەی داهاتووی ئەم دەستەیە. ئێمە لەنزیکەوە چاودێری وەڵامی بنیاتنەری ئێران دەکەین کە توانای پێشکەوتنی بنەرەتی هەبێت."

لە ساڵی 2015 ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەریتانیا، چین، فەرەنسا، ڕوسیا و ئەڵمانیا لەگەڵ ئێراندا گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ناوکییەکانی تا ڕێگەی دروستکردنی چەکی ناوکی لێبگرن. ئێرانش کە دەڵێت پرۆگرامە ناوکییەکەی تەنها بە مەبەستی ئاشتیانەیە، لەبری ئەو سنوردارکردنە سزاکانی لەسەر سوککرا.

لەو کاتەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 2018 لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سزاکانی سەپاندەوە، ئێرانیش لە بەڵێنەکانی وابەستەیی بە ڕێککەوتنەکەوە کشایەوە و سنوری پیتاندنی یۆرانیۆمی بەزاند و ڕایگەیاند تەنها کاتێک هەنگاوەکانی پێچەوانە دەکاتەوە کە ئەمەریکا سزاکانی لەسەر لاببتات.

لەو کاتەوەی سەرۆک جۆو بایدن دەسەڵاتی گرتۆتە دەست هەردوو ئێران و ئەمەریکا خواستی گەڕانەوەیان بۆ ڕێککەوتنەکە نیشانداوە هەرچە هەردوولا دەڵێن دەبێت ئەوی تر پێشا هەنگاو بنێت.

XS
SM
MD
LG