Accessibility links

وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا هیوادارە عەرەبستانی سعودیە ڕێککەوتنی ئیبراهیم مۆر بکات


وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا جەخت دەکاتەوە لەوەی زۆر کەس لە عەرەبستانی سعودیەدا دەخوازن پەیوەندییەکانی شانشینەکەیان لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی بکرێتەوە.

مایک پەمپێیۆ، هیوادارە عەرەبستانی سعودیە ڕیککەوتنی ئیبراهیم پەسەند بکات کە لە سەروەختی بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەم لێدوانەی پەمپێیۆ لە وتارێکی ڤێدیۆییدا بوو کە تایبەت بۆ بزووتنەوەی دژە جوو تۆمارکراوە.
بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ئەم ڕێکخراوە "خەڵاتی ڕێبەرایەتی جیهان" ببەخشێت بە وەزیری پێشووی دەرەوە و سەرۆکی پێشووی دەزگای سی ئای ئەی.

لە سەروەختی بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپدا 4 وڵاتی عەرەبی، میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و بەحرەین و شانشینی مەغریب و سودان، پەیوەندییەکانی خۆیانیان بەپێی ڕێککەوتنی ئیبراهیم لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی کردەوە.

پەمپێیۆ دەڵێت لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی کردنی ئایندە کارێکی قورسە بەڵام دەشڵێت "لەوبڕوایەدام زۆر وڵاتی تر هەوڵی هەبوونی پەیوەندی دەدەن لەگەڵ ئیسرائیلدا."

لە وتارەکەیدا، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت " هیوادارە شانشینی عەرەبستانی سعودیە ڕێگەی خۆی بدۆزێتەوە و ببێتە بەشێک لە ڕێککەوتنی ئیبراهیم و دەزانم زۆر کەس لە عەرەبستانی سعودیە دەخوازن ئەم هەنگاوە بنێن."

ژمارەیەک سەرچاوە لە ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کرد کە لە مانگی 11ی ڕابردوودا، پەمپێیۆ و بەنجامین نەتەنیاهۆ، سەرەک وەزیری ئیسرائیل و شازادە موحەمەد بن سەلمان لە شاری نیوم لەسەر دەریای سور لە عەرەبستانی سعودیە ، کۆبوونەتەوە. ڕیاز نکوڵی لەو هەواڵە دەکات.

پەمپێیۆ لە وتارەکەیدا ئاماژەیشی بەوە کردووە کە کوشتنی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمەریکاوە لە بەغدا، یارمەتیدەر بووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئیبراهیم وەک دەڵێت "ئەو کردە لەشکرییە بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی یارمەتیدەر بووە لە دۆسێی متمانەی نێوان ئەمەریکا و هاوپەیمانە عەرەبەکانیدا."

XS
SM
MD
LG