Accessibility links

 لە ئێران هەشت هاووڵاتی بەهایی سزای 14 ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا دەسەپێندرێت


هەشت هاووڵاتی بەهایی دانیشتووی شاری بەندەرعەباس، کە پێشتر بە 14 ساڵ زیندانیکردن سزادرابوون، دوای ئەوەی سزاکەیان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە پشتڕاستکرایەوە ئێستا بۆ جێبەجێکردنی سزاکەیان بانگکراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە لە هۆشدارییەکدا کە بۆ هەر یەک ماراڵ ڕاستی، ئارەش ڕاسێخی، مەهناز جان نێسار، نەسیم قنوواتیان، ئومێد ئافاقی، ئەدیب حەق پەژوو، فەرهاد ئەمری و میهروڵا ئەفشار ڕۆشتووە داوایان لێ کراوە بۆ جێبەجێکردنی سزاکەیان بڕۆن بۆ زیندان.

ئەم هاووڵاتییە بەهاییانە لە سەرەتای مانگی دوانزە لەلایەن لەقی دووی دادگای شۆڕشی بەندەر عەباسەوە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە بە نیازی تێکدانی ئاسایشی وڵات" بە کۆی 14 ساڵ زیندانیکردن سزادران. سەرەڕای ناڕەزایی ئەو هەشت کەسە، لە ڕۆژی2یمانگی دووی ئەمساڵداسزاکەیان لەلایەن لقی دووی دادگایپێداچوونەوەی پارێزگای هۆرمۆزگانەوە پەسەند کرا.

بە پێی سزاکە، ئارەش ڕاسێخی، مەهناز جان نێسار، ئومێد ئافاقی، ئەدیب حەق پەژوو، فەرهاد ئەمیری و میهروڵا ئەفشار بە دوو ساڵ زیندان و دوو هاووڵاتی دیکەشبە ناوەکانی ماراڵ ڕاستی و نەسیم قنوواتیان، بە ساڵێک زیندان سزادراون.

دەنگی ئەمەریکا هەوڵی دا پەیوەندی بەو هاووڵاتییانەوە بکات و بەدوای هۆکاری تاوانباربوونیاندا بگەڕێت ، بەڵام ئەوان بە هۆی نیگەرانییەوە سەبارەت بە سزای زیاتر ڕەتیان کردەوە قسە لەگەڵ دەنگی ئەمەریکادا بکەن .

لە ناو بەڵگەی سزاکاندا کە بۆ یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەرچووە و گەیشتوەتە دەستی دەنگی ئەمەریکا، یەکێک لە هۆکارەکانی تاوانبارکردنی ئەو کەسانە لە لایەن دادگای شۆڕشەوە، گەیاندنی زانیاری و هەواڵەکان بووە بە دەنگی ئەمەریکا و دەزگاکانی تری ڕاگەیاندنی فارسی زمانی دەرەوەی ئێران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بە شوێن هەواڵی بەهاییەکانەوەیە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کۆماری ئیسلامی دەزانێت ئەم جیاکاریانەی بەرامبەر بە هاووڵاتیانی بەهایی لە ئێران دەکرێن دژی یاسای مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و تەنانەت دەستوری ئێرانیشە و بۆیە ئەو حکومەتە لە بڵاو بوونەوەی هەواڵەکان سەبارەت بە کارە نائینسانیەکانی بەرامبەر بە هاووڵاتیانی بەهایی تووڕەیە و پێی باشە بە نهێنی ئەو کارە بکات.

بە وتەی سەرچاوەکە هاووڵاتییە بەهاییەکان هەروەها وەک سزاییەکی تەواوکەر بە دوو ساڵ بێبەشبوون لە ئەندامێتی لە حیزب و گروپە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان سزا دراون و هەروەها لە بەشداریکردن لە خوان و گردبونەوەی بەهاییەکانیش.

ئەمە جاری یەکەم نییە هاووڵاتیانی بەهایی ڕووبەڕووی سزای ناڕەوای زیندانیکردن دەبنەوە. پێشتریش دەنگی ئەمەریکا لە چەندین ڕاپۆرتدا باسی لەوە کردوە کە هاووڵاتیانی بەهایی مافەکانیان پێشێل دەکرێت، لەوانە سزای زیندانی و هەڵکوتانە سەر ماڵی دەیان بەهایی لە ئێراندا.

لە ناوەڕاستی مانگی دەیساڵی ڕابردوو، دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کە هەشت هاووڵاتی بەهایی دانیشتووی شاری بیرجەند، لە سەرەتای مانگی نۆدا لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی خۆراسانی باشوور بە دەیان مانگ زیندانیکردن سزا درابوون کە بۆ جێبەجێکردنی سزاکەیان بانگکرابوون.

دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی بەهایی و زیندانیکردنیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەرییەوە، لەم چەند مانگەی دواییدا بەردەوام بووە.لە مانگی هەشتی ساڵی رابردوودا فەرید زیرگی موقەدەم ، هاووڵاتی بەهایی ، بە تۆمەتی ئەندامێتی لە کەناڵەکانی زانیاری بەهایی و پڕوپاگەندە دژی ڕژێم ، سزای حەوت ساڵ زیندانی کردنی بۆ بڕایەوە.

کۆمیسیۆنی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بۆ ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی دا لە سەرەتای مانگی چواری ساڵی ڕابردووەدا نیگەرانی خۆی لە دۆخی ئازادی ئایینی لە ئێران دەربڕی. لە بەشێکیدا باس لەوە دەکات کە کۆماری ئیسلامی ئێران کەمینە موسڵمانەکان بە تایبەت سوننەکان و دەروێشەکان و هەروەها شوێنکەوتوانی ئایینەکانی دیکە لەوانە بەهایی و کرستیانەکان دەکاتە ئامانج و ئازاریان دەدات.

XS
SM
MD
LG