Accessibility links

لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەیدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەکەکە بە بەرپرسیار دادەنێت


ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە هاوشانە تورکیاییەکەی دەڵێت "تێرۆریستانی پەکەکە بەرپرسیارێتی کوژرانی بارمتە تورکەکانی باکوری عێراق لە ئەستۆیە."

تورکیا، ئەمەریکای بە پشتیوانی لە تێرۆریزم گوناهبار کردووە، پاش ئەوەی واشنتۆن خۆی لادابوو لەوەی دەستبەجێ پشتیوانی لە ڕاگەیەندراوەکەی ئانکەرە بکات کە پەکەکە 13 تورکی لە عێراقدا کوشتووە.

نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت "بلینکن، پرسە و ماتەمی خۆی بۆ مردنی بارمتە تورکەکان دەربڕیوە و و جەختیشی کردۆتەوە لەوەی بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆی تێرۆریستانی پەکەکەیە."

توڕەیی و ناڕەزایی تورکیا لە بەرامبەر ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژی یەکشەممەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بوو کە لەگەڵ دەربڕینی مەخابندا بۆ مردنی تورکەکان لە باکوری عێراق، ئاماژەشی بەوە کردبوو کە چاوەڕوانی پشتڕاستکردنەوەی زیاتری ڕاگەیاندراوەکانی ئانکەرەیە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ئەو ڕاگەیەندراوەی ئەمەریکای بە گاڵتەرجاڕی ناودێر کرد و وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش دەیڤد ساترفێڵد، باڵیۆزی ئەمەریکای بانگێشت کردووە تا ناڕەزایی تورکیای پێڕابگەیەنێت "بە توندترین شێوە."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت "بلینکن بە تەلەفون قسەی لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵودا کردووە و جەختی لە گرنگی پەیوەندی دوو لایەنەی ئەمەریکا و تورکیا کردۆتەوە و هەروەهاش جەخت کراوەتەوە لە بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان هەردوولادا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم."

پرایس دەڵێت "وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە تورکیاش کردووە، دەستبەرداری موشەکی جۆری ئێس 400 ی زەوی ئاسمان بێت کە دروستکراوی ڕوسیایە."

XS
SM
MD
LG