Accessibility links

ڕاپۆرت: زانایانی بەریتانیا خەریکی دروستکردنی ڤاکسینێکی جیهانی دژ بە کۆرۆنان


بە پێی ئاماری نوێی نێوەندی لێکۆڵینەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جۆنس هۆپکنس، هەتا ئێستا 108 ملیۆن و 500 هەزار کەس لە جیهاندا توشی کۆڤید-19 بوون. ئەمەریکا زۆرترین ژمارەی توشبوانی هەیە کە 27 ملیۆن و 500 هەزار حاڵەتە، پاش ئەمەریکا هیندستانە لەوێ 10 ملیۆن و 900 هەزار کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون و سێهەم وڵاتیش بەرازیلە کە 9 ملیۆن و 800 هەزار کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون.

ڕۆژنامەی تێلگراف ڕادەگەیەنێت زانایانی بەریتانیا ڤاکسینێکی جیهانی دروستدەکەن کە بتوانێت ڕێگری لە جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکات و دەشێت ئەو ڤاکسینە لە ماوەی ساڵێکدا ئامادەبێت.

ئەو ڕۆژنامەو بەریتانییە دەڵێت زانایان لە زانکۆی نۆتنگام کار لەسەر ئەو ڤاکسینە دەکەن کە کڕۆکی ڤایرۆسەکە دەکاتە ئامانج لە بری پرۆتینی هاوشێوە سەرە بزمارییەکانی ڤایرۆسەکە، کە ئامانجی ڤاکسینەکەی ئێستایە.

تێلگراف دەڵێت ئەو پرۆتینانەی لە کرۆکی ڤایرۆسەکەدا دۆزراونەتەوە بە شێوەیەکی گشتی گۆڕانکاری بەسەردا نایات، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو ڤاکسینە دەشێت هەمو جۆرەکانی ڤایرۆسەکە بکاتە ئامانج و بەشێوەیەکی گشتی وا لێک دەدرێتەوە کاریگەری زیاتری دەبێت.

پیاوێکی تەمەن 58 ساڵان لە فەرەنسا یەکەم کەسە کە ڕاگەیەندراوە بۆ جاری دووهەمە کە توشی ئەو جۆرە ڤایرۆسەیان ببێتەوە کەلە ئافریکای باشوور بڵاوبۆتەوە و زۆر خێراتر دەگوازرێتەوە بە بەراورد لەگەڵ جۆرە ئاساییەکەی ڤایرۆسەکە.

لە نیوزیلاند قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە گەورەترین شاری وڵاتەکە بۆ سێ ڕۆژ ڕادەگەیەندرێت، ئەمەش یەکەم جارە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا. داخستنی شاری ئۆکلاند لە کاتێکدایە دەرکەوت کە خێزانێکی سێ کەسی باوک، دایک و کچەکەیان توشی کۆڤید بوون.

شوێنەکانی تری وڵاتەکەش ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزییان توند کردووە.

نیوزیلاند بەوە ناسراوە کە گواستنەوەی ناوخۆی ڤایرۆسەکەی کۆنترۆڵ کردووە، بەڵام بە بەردەوامی ئەو حاڵەتانە ڕادەگەیەنێت کە لە نێو گەشتیاراندا بەدیدەکرێت و کەرەنتینەیان دەکات.

ئەو خێزانەی کە توش بوون دایکەکەیان لە کۆمپانیایەک کاردەکات کە کاری بەرگشۆردنی هێڵە ئاسمانییەکان دەکات. کاربەدەستان لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن ئایا هیچ پەیوەندییەکی هەیە بە کارکەوەی.

لە ئەمەریکاش بە پێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد هەمو ویلایەتەکان خۆشحاڵنین بە پلانەکەی سەرۆک جۆو بایدن بۆ دامەزراندنی 100 نێوەندی کوتانی ڤاکسین هەتا کۆتایی ئەم مانگە لە سەرانسەری وڵاتەکە.

ئاژانسەکە دەڵێت ژمارەیەک لە ویلایەتەکان دەڵێن دامەزراندنی ئەو نێوەندانە ڤاکسینی زیاتریان بۆ دابین ناکات بەڵکو هەمان ئەو ڤاکسینانەیە کە بۆ ویلایەتەکە تەرخان کراوە.

.

XS
SM
MD
LG