Accessibility links

پارێزەرەکانی دانۆڵد ترامپ پرۆسەی بەرگریکردن لێی لەبەردەم ئەنجومەنی سینات دەستپێدەکەن


پارێزەرەکانی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دەڵێن، تەنها یەک ڕۆژیان پێویستە بۆ پێشکەشکردنی دۆسێی بەرگری کردن لە خۆسپێرەکەیان لە دادگاییکردنەکەیدا لەبەردەم ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا.

پارێزەرەکانی ترامپ ڕۆژی هەینی بەرگرییەکانیان لە سەرۆکی پێشوو دەستپێدەکەن بەبێ ئەوەی خۆی هیچ گەواهییەک بدات، لە کاتێکدا ڕەتیکردووەتەوە لە دادگاییەکەدا ئامادە بێت.

دەستپێکردنی بەرگریکردنەکە لە دوای ئەو دوو ڕۆژە دەستپێدەکات کە دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەران قسەی خۆیان کرد و ترامپیان بە تۆمەتبارکردن بە هاندانی ئەو توندوتیژییەی کەلە شەشی مانگی 1 ڕوویداو گێرەشێوێنەکان هوروژمیان بردە نێو کۆنگرێسی ئەمەریکا لە هەوڵێکدا بۆ ڕاگرتنی پرۆسەی بە فەرمی پەسەند کردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی.

لە هەنگاوێکی نائاساییدا ڕۆژی پێنجشەممە سێ سیناتۆری کۆماری لیندسی گراهام‌ی نوێنەری کارۆلاینای باشوور، تێد کروزی نوێنەری تێکساس و مایک لیی یوتا، کە هەرسێکیان بەشێکن لە دەستەی سوێندخۆرانی دادگاییەکە، لەگەڵ پارێزەرەکانی ترامپ کۆبونەوە.

کەناڵی CNN ڕایگەیاند دەیڤد شۆین، یەکێک لە پارێزەرەکانی ترامپ، ڕایگەیاند یاسادانەرەکان هەوڵیانداوە دڵنیابن لەوەی تیمە بەرگرییەکەی ترامپ " ئاگاداری ڕێوشوێنەکانن" بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەکەی ڕۆژی هەینی.

ڕایشگەیەندراوە کە ترامپ بێهیوابووە لە کارەکانی پارێزەرەکانی شۆین و بروس کاستەر، کە پاش ئەوی یەکەم تیمی یاسایی سەرۆکی پێشوو ماوەیەکی کەم بەر لە دادگاییەکە دەستی لەکارکێشایەوە، ئەمان وەرگیران.

داواکارانی گشتی لێپێچینەوەکە (ئیمپیچکردن) ڕۆژی پێنجشەممە سووربوون لەسەر ئەوەی " بەڵگەی ڕوون و زۆر هەیە" کە سەرۆکی پێشوو ترامپ هانی یاخیبوونیداوە بە ناردنی پشتیوانە گێرەشێوێنەکانی بۆ کۆنگرێسی ئەمەریکا لە مانگی ڕابوردوودا تا ڕووبەڕووی یاسادانەران ببنەوە لە کاتێکدا خەریکی بەفەرمی ناساندنی ئەو هەڵبژاردنە بوون کە جۆو بایدنی دیموکرات سەرکەوتنی تیایدا بەدەستهێنا.

لە مشتومڕی کۆتاییدا بەڕێوەبەری باڵایی کاروبارەکانی ئیمپیچکردنەکە، ئەندامی کۆنگرێس جەیمی ڕاسکین نوێنەری مەریلاند، بەو 100 ئەندامەی سیناتی ئەمەریکا کە وەک دەستەی سوێنخۆران کار دەکەن، ڕاگەیاند " پێویستە " خۆیان بیربکەنەوە کە لێرە چی ڕوویدا".

ڕاسکین گوتی " بونیادی پرنسیپ ئەوەیە کە کەس ناتوانێت هانی ئاژاوە بدات" لە دیموکراسی ئەمەریکادا.

ئەو گوتی بەڵام ترامپ لە شەشی مانگی 1 داوای لە سەدان لە پشتیوانانی کرد بەرەو کۆنگرێس بڕۆن، کاتێک هوروژمیان بردە نێو باڵەخانەکە، پەنجەرەکانیان شکان، ئۆفیسەکانیان تاڵان کرد و بەگژ پۆلیسدا چوونەوە، " ئەو بۆ بەلایەنی کەم دوو کاتژمێر هیچی نەکرد" بۆ کۆتاییهێنان بەو ئاژاوەیەی کەبووە هۆی گیانلەدەستدانی 5 کەس لەناویاندا پۆلیسێکی کۆنگرێسیش.

ڕاسکین گوتیشی سەرۆکی پێشوو، کە تێرمی چوارساڵی سەرۆکایەتی لە 20 ی مانگی 1 کۆتاییپێهات کاتێک جۆو بایدن وەکو 46 هەمین سەرۆکی وڵاتەکە سوێندی یاسایی خوارد، " خیانەتی لێکردین، هانی توندوتیژی یاخیبوونی دژ بە حکومەتەکەمان دا. دەبێت تاوانبار بکرێت."

ڕاسکین و هەشت بەڕێوەبەری تری کاروباری ئیمپیچکردنەکە، کە هەمویان دیموکراتی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانن، پاش 12 کاتژمێر بە ماوەی دووڕۆژ مشتومڕی خۆیان کرد و بەڵگەکانیان خستە بەردەم ئەنجومەنی سینات.

ئەوان دەیان تویت و لێدوانی تەلەفیزیۆنی ترامپیان نیشان دا.

ئەوان گرتە ڤیدیۆکانی شەشی مانگی یەکیان نیشان دا کە هەندێک لە گێرەشێوێنەکان هاوار دەکەن لە کاتێکدا هەوڵ دەدەن جێگری سەرۆکی پێشوو مایک پێنس بدۆزنەوە و هەڵیواسن چونکە ئامادە نەبوو داواکاری ترامپ بەجێبگەیەنێت بۆ ڕێگری کردن لە بەفەرمی ناساندنی دەنگی نوێنەران بۆ ئەوەی ترامپ و پێنس بۆ چوارساڵی تر لەسەر دەسەڵات بمێننەوە.

ڤیدیۆکانی تریش نیشان دەدەن ژمارەیەکی تریش لە گێرەشێوێنەکان زۆر بە دوای نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەگەڕێن.

خۆپیشاندەرەکان هورەژمیان بردە نێو ئۆفیسەکەی پیلۆسی، بەڵام داواکارانی گشتی دەڵێن پێش ئەوە کاربەدەستان بە سەلامەتی لە کۆنگرێس دەریان کردبوو، هەرچەندە ژمارەیەک لە ستافەکەی لە ژوورێکی کۆنفرانسی نزیک لە ژێر مێزەکان خۆیان حەشاردابوو.

پارێزەرەکانی ترامپ دەڵێن ئەو هیچ بەرپرس نییە لەو هێرشەی کرایە سەر کۆنگرێس.

ئەوان دەڵێن قسەکانی ترامپ بە گوێرەی یەکەم بەندی دەستوری ئەمەریکا ڕێگەپێدراو بووە.

ئەنجومەنی سینات ڕۆژی سێشەممە بە 56-44 دەنگی دا بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی دادگاییکردنەکە، ئەو بانگەشەیەی ترامپی ڕەتکردەوە کە دەڵێت دادگاییکردنەکەینادەستوورییە لە کاتێکدا لەسەر دەسەڵات نەماوە.

شیانی تاوانبارکردنی ترامپ پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگەکانی سینات هەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە پێویستە 17 ئەندامی کۆمارییەکانیش دەنگیان بخەنە پاڵ دیموکراتەکان.

درەنجامەکەی هەر چییەک بێت، ترامپ بوو بە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا دوو جار لە ئەنجومەنی نوێنەران ئیمپیچبکرێت.

هاوکات دانۆڵد ترامپ داوای دیموکراتەکانی بۆ وەڵامدانەوەیان ڕەتکردۆتەوە و بڕوا ناکرێت لە دادگاییکردنەکە ئامادە بێت.

XS
SM
MD
LG