Accessibility links

تورکیا داواکارییەکی ئەمەریکا بۆ ئازادکردنی عوسمان کاڤالا ڕەتدەکاتەوە


ڕۆژی پێنجشەممە تورکیا داواکارییەکی ئەمەریکای بۆ ئازادکردنی ڕێبەری کۆمەڵگەی مەدەنی عوسمان کاڤالا ڕەتکردەوە و واشنتن تۆمەتباردەکات بەوەی دەستدەخاتە نێو کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکە.

کاڤالای کاردار و کەسایەتییەکی چاکەخواز سێ ساڵە بەبێ تاوانبارکردنی بە فەرمی لەلایەن دادگاوە زیندانیکراوە، ئەو تۆمەتبارکراوە بە تاوانەکانی پەیوەست بە کودەتاکەی ساڵی 2016 و خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2013 دژ بە سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان.

کاڤالای تەمەن 63 ساڵان لە دۆسێیەکی پەیوەست بە خۆپیشاندانەکانی مانگی 2 ی ساڵی 2013 بەبێ تاوان ناسرا.

بەڵام پاشان دەستبەجێ دەسگیرکرایەوە و ئەم جارەیان تاوانی پیلانگێڕی کودەتاکەی ساڵی 2016 خرایە پاڵی. لە مانگی ڕابردوو دادگایەکی تورکیا بێتاوانییەکەی پێشووشی هەڵوەشاندەوەو لە هەفتەی ڕابردوو هەردوو دۆسێکەی کرا بە یەک.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە تاوانەکانی دژی کاڤالای بە "بێبنەما" لەقەڵەمدا و داوای "دەستبەجێ ئازادکردنی" کرد.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەرپەرچی داواکەی واشنتنی دایەوەو داوای کرد ڕێز لە سەروەری دادگاکانی بگیردرێت.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" تورکیا وڵاتێکە کە بە فەرمانی یاسا دەڕوات بەڕێوە، هیچ کەس و وڵاتێک ناتونێت فەرمان بدات بە دادگاکانی تورکیا."

ئەم لێدوانانە ئەوە دەخاتە ڕوو کە ڕەنگە تورکیا ڕووبەڕووی هەڵوێستێکی توندی بەڕێوەبەرایەتی نوێی سەرۆک بایدن لە ئەمەریکا ببێتەوە لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ.

ئەردۆغان دۆستایەتییەکی تاکەکەسی لەگەڵ دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکادا دروست کردبووکە یارمەتیدەربوو بۆ پاراستنی تورکیا لە سزاکانی ئەمەریکا.

بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە مانگی ڕابوردوو لە دانیشتنی پەسەندکردنی لەلایەن سیناتەوە گوتی تورکیا وەکو هاپەیمانێک ڕەفتار ناکات و بووەتە ئاستەنگێکی بەرچاو.

ئانکەرەش هێشتا چاوەڕوانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بایدن دەکات بۆ ئەردۆغان، کە چاوەڕوانی پەیوەندییەکی باشتر دەکات لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوادا.

XS
SM
MD
LG