Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا: سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران لانابرێن


جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت سزاکانی سەر ئێران لانابات چونکە تاران ڕێز لە وابەستەییەکان بە ڕێککەوتنی ناوکییەوە ناگرێت.

لەو دیمانەیەی ئەمڕۆ یەکشەممە کورتەیەکی بڵاوکراوەتەوە لە گەڵ کەناڵی سی بی ئێسدا، پرسیارێک لە سەرۆک بایدن کراوە سەبارەت بە شییانی هەڵگرتنی سزاکان تا تاران بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن لە پێناو درێژەدان بەو ڕێککەوتنە ناوکییەی ساڵی 2015 مۆرکراوە، سەرۆکی ئەمەریکا بە "نەخێر" وەڵام دەداتەوە.

کاتێکیش پرسیاری لێکراوە سەبارەت بەوەی ئایا لەسەر ئێرانییەکانە "پیتاندی یۆرانیۆم ڕابگرن" سەرۆکی ئەمەریکا سەری بۆ دەلەقێنێت وەک ئاماژەیەک بە "بەڵێ."
بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە تەواوی دیمانەکە لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکادا پەخش بکرێت.

پاش دانوستاندنێکی درێژخایەن و قورسیش، ئەمەریکا لە ساڵی 2015دا گەیشتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێراندا تا نەبێتە خاوەن چەکی ناوکی. چین و ڕوسیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا ئەو ڕێککەوتنەیان مۆرکرد و دواتر نەتەوە یەکگرتووەکانیش پەسەندی کرد.

دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە ساڵی 2018دا لەو ڕێککەوتنە کشایەوە و وەهای دانا کە ئەو ڕێککەوتنە ناتەواوە و هەروەهاش کشانەوەی لەو ڕێککەوتنە بەستەوە بە کۆنترۆڵکردنی "جموجۆڵە تێکدەرانەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ژمارەیەک سزای قورسی سەپاندە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.
پێشتر ئەو سزایانە لادرابوون لە بەرامبەر وابەستەبوونی ئێراندا بە تەواوی بەندەکانی ڕێککەوتنەکەوە.

سەرۆک بایدن، پەیمانی گەڕانەوەی دابوو بۆ ڕێککەوتنە ناوکییەکە بەو مەرجەی ئێران وابەستەییەکانی خۆی بەجێبگەیەنێت، بەڵام هەر ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێبەرانی ئێران جەختیان کردۆتەوە لەوەی پێویستە ئەمەریکا تەواوی سزاکان هەڵبگرێت بەر لەوەی جارێکی تر وابەستەی وەک دەڵێن "ئەو کۆتوبەندانە بن کە لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەدا بۆیان دیارکراوە."

XS
SM
MD
LG