Accessibility links

ناوەندەكانی خوێندن لە هەرێمی كوردستاندا بەڕووی خوێندكاران و قوتابیاندا كرانەوە


فۆتۆ بە کامێرای ئەحمەد زێباری

ڕۆژی یەكشەممە لە هەرێمی كوردستاندا دەرگای قوتابخانە و خوێندنگاكان بەڕووی مامۆستا و قوتابی و خوێندكاراندا كرانەوە، دوای ئەوەی لە ماوەكانی ڕابردوودا بەهۆی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەوامی خوێندنگەكان ڕاگیرابوو و خوێندكاران لە ڕێگەی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاینەوە درێژەیان بە خوێندنی ساڵی 2020-2021 دەدا، بەڵام لە ئێستادا بەپێی كاربەدەستانی ناوچەكە مەترسیەكانی كۆرۆنا كەمبوونەتەوە بۆیە دەوامی نێو هۆڵەكانی خوێندنیش ئاسایی كراونەتەوە.

فۆتۆ بە کامێرای ئەحمەد زێباری
فۆتۆ بە کامێرای ئەحمەد زێباری

سەركەوت عەبدولڵا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەی شێخ مەحمودی کوڕان بە دەنگی ئەمەریكا دەڵێت "بەگوێرەی گونجاندن و بارۆدوخی تەندروستی خشتەكەمان ڕێكخستووە، تا ئێستا ئامادەكارییەكان زیاتر لە خۆمان لە هوشیاری دەستەی كارگێڕی مامۆستا و قوتابیانەوە بووە هەرچەندە رێنوماییەكان دێن بەڵام خەڵك هوشیار بووەتەوە و ئەو قۆناغەمان بڕیوە كە قۆناغی سەخت بووە و خەڵكانێكی زۆر تووشی ئەو نەخۆشیە بوون ئێستا مامۆستایەكمان نەخۆشە و دوو قوتابیمان باری تەندروستییان ناجێگیرە و ئەوانیش ڕەوانەكراونەتەوە."

فۆتۆ بە کامێرای ئەحمەد زێباری
فۆتۆ بە کامێرای ئەحمەد زێباری

سەبارەت بە خوێندنی قوتابیان لە نێو هۆڵەكانی خوێندن، عەلی تەها قوتابی ئامادەیی شێخ مەحمودی کوڕان بۆ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت "بێ مەكتەب، خوێندن ناكرێت كە دێنە مەكتەب و مامۆستاكان وانەکانمان بۆ شیدەكەنەوە زۆر باشترە، ئەو دوو مانگەی لێمان چووە لە زیانی ئێمە بووە و مەنهەجەكەش كەم ناكرێتەوە، داوا لە قوتابیان دەكەین پابەند بن و كەس تووشی كۆرۆنا نەبێت كە تووشی كۆرۆنا بوون دیسان چواردە ڕۆژ قوتابخانەكان دادەخرێنەوە بۆیە لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە".

فۆتۆ بە کامێرای ئەحمەد زێباری
فۆتۆ بە کامێرای ئەحمەد زێباری

بەشێك لەو مامۆستا و قوتابی و خوێندكارانەی كە هاتبوونە قوتابخانەی شێخ مەحمودی كوڕان بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ساڵی 2020-2021 پابەندی ڕێنوماییە تەندروستیەكان بووبوون و بەشێكی تریش ڕێنوماییە تەندروستیەكانیان جێبەجێ نەكردووە.

لە لایەكی ترەوە هەر لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوام و پرۆسەی خوێندن لە ناوەندەكانی خوێندن ئەمڕۆ یەكشەممە ئیبراهیم سەباح مامۆستای قوتابخانەی سۆركی شەقلاوە بەهۆی تەزووی كارەبا گیانی لەدەستدا، بەپێی كەسو كاری لەكاتی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە نێو قوتابخانەكەدا كارەبا لێیدا و گیانی لەدەستدا.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتی ئەحمەد زێباری، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکادایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:14 0:00


XS
SM
MD
LG