Accessibility links

ئەمەریکا ناڕەزایی بەرامبەر ڕوسیا دەردەبڕێت


ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

ئەمەریکا داوای ئازادکردنی ئالیکسی ناڤاڵنی دەکات و هەروەها ڕەخنە و ناڕەزاییشی هەیە لەسەر سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە ڕوسیا.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەنوسێت "ئەمەریکا ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێت دژی بەکارهێنانی بەردەوامی ڕێوشوێنە توندەکان لە بەرامبەر خۆپیشاندەرانی ئاشتیانە و ڕۆژنامەوانان کە بۆ دووهەم هەفتەیە، گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنە توندانە بەردەوامن."

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ئەم داوایەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای ڕەتکردۆتەوە و دەڵێت "ئەم داوایە دەستێوەردانێکی بێ چەندوچوونە لە کاروباری ناوخۆیی ڕوسیادا." هەروەها ئەمەریکاش بەوە گوناهبار دەکات کە هەوڵی ناجێگیرکردنی ڕەوشەکە دەدات لە ڕوسیادا، وەک دەڵێت "لە ڕێی پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت "داوا لە ڕوسیا دەکەینەوە تا هەموو دەستگیرکراوەکانی خۆپێشاندانەکان ئازاد بکات و گیراوەکانی مافی خۆیانە خۆپیشاندان بکەن وەک بەشێک لە پرەنسیپەکانی مافەکانی مرۆڤ."

ئەمڕۆ یەکشەممە زیاتر لە 4000 کەس لە سەرانسەری ڕوسیادا دەستگیرکراون هاوکاتی خۆپیشاندانەکانی بۆ پشتیوانی لە ئالیکسی ناڤاڵنی، ڕێبەری ئۆپزسیۆنی ڕوسیا کراون.

ڕۆژی پێنجشەممە، دادگایەک لە مۆسکۆ، ئەو داوایەی ناڤاڵنی ڕەتکردەوە کە کردبووی بۆ چاوپێداخشاندەوە بە ئازادکردنیدا، لە ئێستاشدا وەها چاوەڕوان دەکرێت دانیشتنی دادگا لە هەفتەی داهاتوودا ئەو بڕیارەی پێشتر لەسەری درابوو بگۆڕێت بۆ سێ ساڵ و نیو زیندانیکردن و ماوەکەش لە زینداندا بەسەر بەرێت. پێشتر ناڤاڵنی بە سێ ساڵ و نیو زیندانیکردن سزا درابوو بەڵام بەو مەرجەی جێبەجێ نەکرێت.

پاش بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی دوو کاتژمێری لە کەناڵی یو توب، سەبارەت بە باڵەخانەیەک لەسەر دەریای ڕەش کە دەگوترێت بۆ ڤلادمیر پوتن دروستکراوە، دەستبەجێ ناڤاڵنی دەستگیر دەکرێت.

زیاتر لە 100 ملیۆن کەس ئەو ڤیدیۆیەیان بینیوە و شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایی بەرامبەر ڕێبەری کرملن دروستکردووە.

پوتن دەڵێت، ئەو باڵەخانەیە هی ئەو نییە و هەروەها هی هیچ یەکێکیش لە خزم و کەسوکارەکەی نییە. درەنگانێکی ڕۆژی شەممە ئەرکادی ڕۆتینبێرگ، کە بە یەکێک لە کەسایەتییە گرنگەکانی دروستکردنی باڵەخانەکان دادەنرێت و یەکێکیشە لە کەسایەتییە نزیەکانی پوتن، ڕایگەیاند ئەو باڵەخانەیەی سەر دەریای ڕەش هی خۆیەتی.

لەم ماویەی سەرۆکایەتی ڤلادمیر پوتن، لە ڕوسیادا گەندەڵکارییەکی زۆر هەیە هاوکاتی کێشە داراییەکانی زۆربەی هاوڵاتیانی ئاسایی لەو وڵاتەدا.

XS
SM
MD
LG