Accessibility links

ئێران بەشداریکردنی لایەنی نوێ لە هەر وتووێژێکدا بۆ ڕێککەوتنی ناوکی ڕەتدەکاتەوە


وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی شەممە هەر وتووێژێکی نوێ یان گۆڕانکاری لە بەشداربووانی ڕێککەوتنی ناوکی ئێران لەگەڵ زلهێزانی جیهاندا ڕەتکردەوە، پاش ئەوەی سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن گوتی هەر وتووێژێکی نوێ پێویستە عەرەبستانی سعودیەشی تێدابێت.

میدیای دەوڵەتی ئێران لە زاری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەید خەتیبزادێوە ڕایگەیاند " ڕێککەوتنی ناوکی سەودایەکی فرەلایەنی نێونەتەوەییە کە بە بڕیاری 2231 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندکراوە، هیچ مشتومڕێک هەڵناگرێت و لایەنەکانی ڕێککەوتنەکەش ڕوون و نەگۆڕن."

ئێران دەستیکرد بە شکاندنی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنە لەسەر چالاکییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم، پاش ئەوەی واشنتن لە ساڵی 2018 یەکلایەنە لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سەرۆکی ئەو کاتە دانۆڵد ترامپ سزا ئابورییەکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا.

بەڕێوەبەرایەتی نوێی سەرۆک بایدن دەڵێت دەگەڕێتەوە نێو ڕێککەوتنەکە بەڵام بە مەرجێک لە پێشا تاران دەستبکاتەوە بە تەواوی وابەستەییەکانی بە بەندەکانی ڕێککەوتنەکەوە.

عەرەبستانی سعودیە و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات)ی هاوپەیمانی گوتویانە وڵاتانی کەنداوی عەرەبیش پێویستە ئەمجارەیان بەشداربن لە هەر جۆرە وتووێژێک، کە دەڵێن پێویستە چارەسەری بەرنامەی موشکی بالستیکی ئێران و پشتیوانی کردنی لە بکرێگیراوەکانی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا بکرێت.

لە لێدوانەکەی ڕۆژی هەینیدا کە لەلایەن کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلعەرەبییەوە بڵاو کرایەوە، ماکرۆن جەختی کردەوە لەوەی ئەو هەڵەیەی ساڵی 2015 دووپات نەکرێتەو بە پەراوێزخستی وڵاتانی تر لە ڕێککەوتنەکەدا.

عەرەبستانی سعودیە کە لە چەندین شەڕی ناڕاستەوخۆدایە لەگەڵ ئێراندا لە ناویاندا شەڕی یەمەن، پشتیوانی لە ڕێبازی ئەوپەڕی فشاری دانۆڵد ترامپی دەکرد دژ بە ئێران.

ماکرۆن گوتی هەر وتووێژێکی نوێ لەسەر ڕێککەوتنی ناوکی ئێران زۆر "توند" دەبێت و کاتێکی زۆر کورتیش لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی ڕێگە لە دروستکردنی چەکێکی ناوکی لەلایەن ئێرانەوە بگیرێت.

خەتیبزادێ گوتی پێویستە ماکرۆن " خۆڕاگری نیشانبدات". گوتیشێ " ئەگەر کاربەدەستانی فەرەنسا نیگەرانن لەمەڕ فرۆشتنی چەکی گەورە بە وڵاتانی کەنداوی فارس، پێویستە بە سیاسەتەکانی خۆیاندا بچنەوە."

گوتیشی " چەکەکانی فەرەنسا لەگەڵ وڵاتانی تری ڕۆژئاواییدا، نەک تەنها دەبنە هۆی کۆمەڵکوژی هەزاران یەمەنی، بەڵکو هۆکاری سەرەکیشن بۆ ناسەقامگیری هەرێمی."


XS
SM
MD
LG