Accessibility links

مۆسکۆ باڵیۆزخانەی ئەمەریکا گوناهبار دەکات


هێزە ئاسایشییەکانی ڕوسیا لایەنگرانی ڕێبەری ئۆپزسیۆن دەستگیر دەکەن لە مۆسکۆ

ڕوسیا بە فەرمی ناڕەزایی گەیاندۆتە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ بەهۆی ئەو نوسین و وێنانەی لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیادا بڵاوکراونەتەوە.

ڕوسیا دەڵێت ئەوەی بڵاوکراونەتەوە هاندان بوون بۆ خۆپیشاندانەکانی دژە کرملن و کۆمپانیا گەورە ئەمەریکاییەکانی گوناهبارکردووە بەوەی دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ڕوسیادا دەکەن.

دەیان هەزار خۆپیشاندەر، ڕۆژی شەممە بۆ پشتیوانیکردن لە ئالێکسی ناڤاڵنی، ڕەخنەگر لە کرملن، خۆپیشاندانیان دەکرد. پاش گەڕانەوەی ناڤاڵنی لە چارەسەرکردنی تەندروستی لە ئەڵمانیا بە هۆی ژەهر خواردکردنیەوە، دەسەڵاتدارانی ڕوسیا دەستگیریان کرد.

ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا بە میدیای سەر بە دەوڵەتی ڕوسیای ڕاگەیاندووە "جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، وتووێژی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکادا کردووە، بۆ تۆمارکردنی ناڕەزایی مۆسکۆ لەسەر پەیامەکانی باڵیۆزخانەکە. هاوکاتی کۆبوونەوەکەش سێرگیێ ڕیابکۆڤ ناڕەزاییەکی توندی دەربڕیوە لەسەر ئەو پۆستانەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیا کردوونی بۆ پشتیوانکردنی خۆپیشاندانی نایاسایی لە ژمارەیەک لە شارەکانی ڕوسیادا."

ئەم کۆبوونەوەیەش دوابەدوای گوناهبارکردنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا هات لەلایەن دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کرملنەوە کە دەڵێت "باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەست وەردەداتە کاروباری ناوخۆیی ڕوسیاوە."

ئەم گوناهبارکردنەش پاش ئاگاهیدانێکی باڵیۆزخانەکە بوو بۆ هاوڵاتیانی ئەمەریکایی لە ڕوسیا و ئاگادارکردنەوەیان لەسەر ڕەوشی خۆپیشاندانەکان.

وتەبێژێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ دەڵێت ئەوەی بڵاوکراوەتەوە کارێکی ئاساییە بۆ باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی ئەمەریکا تا ڕاگەیەندراوی تایبەت بۆ پارێزراویی هاوڵاتیانی خۆی بڵاو بکاتەوە.

زاخارۆڤا، لە لێدوانەکانی ئەمڕۆ دووشەممەیدا ئاماژەشی بەوە کردووە لێکۆڵینەوە لە کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی ئەمەریکاش دەستپێدەکرێت لەسەر بنچینەی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ڕوسیادا.

XS
SM
MD
LG