Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا شەڕی دژ بە کۆرۆنا دەکات بە ئەرکی سەرەکی


کاندیدەکەی جۆو بایدن بۆ پۆستی وەزیری بەرگری ئەمەریکا پشتیوانی سیناتی بەدەستهێنا و دەڵێت لە ئێستادا ئەرکە سەرەکییەکەی شەڕی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت.

ئەنجومەنی سینات ئەمڕۆ هەینی بە 93 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 2 دەنگی نەخێر ژەنەڕاڵ لۆید ئۆستن‌ی پەسەند کرد و بەمەش بوو بە یەکەم ئەمەریکایی بەڕەچەڵەک ئەفریکایی وەزارەتی بەرگری بەڕێوە ببات.

ئۆستن ڕۆژی هەینی لە تویتێکدا ڕایگەیاند " جێی شانازییە وەکو 28هەمین وەزیری بەرگری وڵاتەکەمان خزمەت بکەم، و بەتایبەتی شانازی بەوەوە دەکەم کە یەکەم ئەمەریکایی ئەفریکایم ئەو پۆستە وەربگرم. با دەست بەکارەکانمان بکەین".

ئەم دەنگدانە کەمتر لە 24 کاتژمێر پاش ئەوە بوو کە سینات و ئەنجومەنی نوێنەران ڕێککەوتن لەسەر لابردنی مەرجێکی یاسایی ، تا ڕێگە بە ئۆستن فەرماندەی پێشووی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا بدات بۆ وەرگرتنی پۆستێکی مەدەنی ، چونکە بە پێی یاسا دەبێت وەزیری بەرگری کەسێکی سڤیل بێت یان ئەگەر هاتو لەشکری بوو دەبێت بەلایەنی کەم بۆ حەوت ساڵ خانەنشین بووبێت، لەگەڵ ئەمەشدا سینات دەتوانێت ئەم مەرجە لاببات وەکو پێشتریش بۆ جەیمس ماتس لایاندا.

لە میانەی دانیشتنەکەی ڕۆژی پێنجشەممە، ئۆستن گوتی ئەرکی یەکەمی پەرەپێدانی جەنگی وڵاتەکە دەبێت دژ بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، و کاربەدەستانی بەرگری ئەمەریکا ڕایانگەیاند ئامادەیە بۆ بەدەستهێنانی زانیارییە نوێیەکان بۆ ئەو هەوڵانە دوابەدوای مەڕاسیمی سوێندخواردنی.

ئۆستن بە ئەندامانی کۆمیتەی لەشکری سیناتی ڕاگەیاند " گەورەترین ئاستەنگی بەردەم وڵاتەکەمان لە ئێستادا ئەم پەتایەیە، زیاتر لە 400 هەزار هاووڵاتی ئەمەریکایی بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە. ئەمەش لەدەستدانێکی بێئەندازەیە."

بەڵام پێویستە ئۆستن بە خێرایی ڕێبازەکانی لەشکریش داڕێژێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارانی ئەمەریکا، لە ناویاندا ڕوسیا.

بەڕێوەبەرایەتی بایدن ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند هەوڵی درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی"دەستپێکی نوێ" دەکات، یەکێکە لە دواین ڕێککەوتنەکانی چەک کە لەگەڵ ڕوسیادا ماوەتەوە.

ئەو ڕێککەوتنە، کە ئەمەریکا و ڕوسیا سنوردار دەکات بە بڵاوکردنەوەی هەتا 1،550 چەکی ناوکی ستراتیژی وسیستمی گواستنەوەی چەکیش سنوردار دەکات، لە مانگی 2 بەسەر دەچێت.

جێن ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی
جێن ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی

گوتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی‌یش ڕۆژی پێنجشەممە ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە بایدن داوا لە کۆمیتەی زانیارییەکان دەکات هەڵسەنگاندن بۆ کردارە گوماناوییەکانی ڕوسیا بکەن.

وەزیری بەرگری نوێ پێدەچێت ڕووبەڕووی فشارەکانی تریش ببێتەوە لەوانەدا، شەڕانگێزییەکانی چین و ئێران، هەروەها مامەڵەکردن لەگەڵ ناوچەکانی شەڕی وەکو ئەفغانستان و عێراق، کە سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپ بڕیاری کەمکردنەوەی هێزەکانی دابوو.

XS
SM
MD
LG