Accessibility links

کاردانەوەی حوسییەکان لەسەر بڕیاری ئەمەریکا بۆ بە تێرۆریست ناساندنیان


حوسییەکانی یەمەن
حوسییەکانی یەمەن

حوسییەکانی یەمەن بەرەنگاری هەڵوێستی ئەمەریکا دەبنەوە بۆ دانانی سەرهەڵداوانی حوسییەکان کە کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانییان دەکات لە لیستی تێرۆریستاندا.

بەرەنگاربوونەوەی حوسییەکان لە ڕێی تەگەرە خستنە بەردەم کار و ئەرکەکانی ئەو ڕێکخراوە کۆمەککارانەدایە کە بڕوایان وایە ئەم ڕەوشە وڵاتی یەمەن بەرەو برسێتی دەبات.

ئەگەر بێتوو کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕێگە لەم بڕیارە نەگرێت، ئەوا لە ڕۆژی 19ی مانگی یەکەوە، حوسیەکان دەخرێنە لیستی ڕەشی تێرۆریزمەوە، واتە یەک ڕۆژ بەر لە مەڕاسیمی سوێندخواردنی یاسایی جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، لە کاتێکدا یاریدەدەرانی بایدن بە هیوای هەوڵی نوێن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی شەش ساڵەی وێرانکارەی یەمەن.

موحەمەد عەلی ئەلحوسی، ڕێبەری سیاسی حوسییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە "ئەو سیاسەتانەی بۆ دروستکردنی قەیرانن، مایەی ئیدانەکردنن و ئێمەش مافی وەڵامدانەوەمان هەیە. گەلی یەمەن گوێ ناداتە هیچ جۆرە ناودێرکردنێک لەلایەن بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپەوە کە بەشدارە لە کوشتن و برسیکردنی خەڵکی یەمەندا."

مایک پەمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەم بڕیارەی ڕاگەیاند کە دەشێت هەوڵەکانی جۆو بایدن ئاڵۆز بکات بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێراندا و هەروەهاش پێداچوونەوەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ شانشینی عەرەبستانی سعودیەدا.

ڕیاز سەرۆکایەتی هاوپەیمانێتییەک دەکات بۆ لێدانی حوسییەکان لە یەمەن.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە ئاماژەی بەوە کردبوو "حوسییەکان ڕێبەرایەتی شەڕێکی خوێناوییان کردووە کە خەڵکێکی زۆری تیادا کوژراون و بەردەوامیشە لە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکەدا و هەروەها ڕێگریشە لە چارەسەرییەکی ئاشتیانەی قەیرانی یەمەن."

مایک پەمپێیۆ، سیان لە سەرکردەکانی حوسییەکانیشی وەک تێرۆریست ناودێر کردووە، لەوانە عەبدولمەلیک ئەلحوسی، سەرۆکی حوسییەکانی یەمەن، هەروەها ئاماژەشی بە هێرشەکەی ڕۆژی 30 مانگی 12ش کردوە بۆسەر فڕۆکەخانەی عەدەن و ئەو حکومەتەی یەمەنیش کە عەرەبستانی سعودیە پشتیوانی دەکات، لۆمەی ئەو هێرشەی لە ئەستۆی حوسییەکان ناوە.

لەو هێرشەدا 26 کەس کوژران.

حوسییەکان کۆنترۆڵی زۆربەی ناوچەکانی یەمەنیان لە ژێر دەستدایە و پێشتریش ئەمەریکا سزای سەپاندۆتە سەریان.

XS
SM
MD
LG