Accessibility links

پاپا باس لە ڕووداوەکەی کۆنگرێسی ئەمەریکا دەکات


پاپا فرانسیس ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند نوێژ و نزا دەکات بۆ ئەوانەی لە ڕووداوەکانی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووی ئەمریکادا گیانیان لەدەستدا لەناو باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمەرییکادا و داوای پاراستنی ئارامی دەکات وەک یارمەتییەک بۆ پاراستنی بەها دیموکراسییەکان لە ئەمەریکادا.

هاوکاتی وتارەکەی لە ڤاتیکان، پاپا فرانسیس ئاماژەی بە گیان لە دەستدانی 5 کەس کرد کاتێک لایەنگرانی سەرۆک ترامپ چوونە ناو باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمەریکاوە، هاوکاتی کۆبوونەوەی ئەندامانی کۆنگرێس بۆ پشتڕاست کردنەوەی سەرکەوتنی جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا.

پاپا فرانسیس دەڵێت "توندوتیژی هەمیشە دەبێتە مایەی وێرانکردنی خود."

لەو ڕووداوانەی ڕۆژی چوارشەممەدا، ئەفسەرێکی پۆلیس و چوار کەسی تر لە لایەنگرانی سەرۆک ترامپ گیانیان لە دەستدا.

پاپا لە وتارەکەیدا دەڵێت "سڵاو لە گەلی ئەمەریکا دەکەم، کە لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا بەهۆی گەمارۆدانی کۆنگرێسەوە دووچاری شۆک بوون هاتووە، نوێژ و نزام بۆ ئەو 5 کەسەیە گیانیان لەدەستدا لەو ساتەوەختە کارەساتاویەدا."

پاپا دەڵێت "توندوتیژی هیچی لێ دەستەبەر ناکرێت و بەهۆیەوە زۆر شت لەدەست دەدرێت. داوا لە دەسەڵاتداران و تەواوی دانیشتوانی ئەمەریکا دەکەم بە هەستێکی گەورەی بەرپرسیارێتیی و پشوو درێژیی و بەرز ڕاگرتنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانەوە کار بکەن و بەها دیموکراسییەکانی ڕەگی داکوتاوە لەناو کۆمەڵگەی ئەمەریکاییدا بپارێزن.

لە دیمانەیەکیشدا کە بڕیارە درەنگانێکی ئەمڕۆ یەکشەممە بە کاتی ئیتالیا پەخش بکرێت، پاپا سەرسوڕمانی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەو هێرشەی کراوەتە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس.

لەو دیمانەیەدا لەگەڵ کەناڵی 5 لە تۆڕی میدیاسات، پاپا دەڵێت "لە واقیعێکی پێگەیشتوودا، ئەو جۆرە ڕەفتارانە بێ سودن و ئەو جۆرە کەسانەش کە ڕێی دژی کۆمەڵگە و دژی دیموکراسی و دژی بەرژەوەندی گشتییان گرتۆتەبەر هیچ دەستکەوتێکیان نابێت."

XS
SM
MD
LG