نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ ئاشتەوایی ئەفغانستان، سەردانی ژمارەیەک وڵاتی ئاسیا دەکات.
زاڵمای خەلیلزاد، وەک لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە لە ڕۆژی یەکشەممەوە دەستی کردووە بەم سەردانەی بۆ باشور و هەروەها ناوەڕاستی ئاسیا و بە هەمان شێوە سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەکات.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە باڵیۆز خەلیلزاد،سەردانی ئەفغانستان و پاکستان و قەتەر و تورکومانستان دەکات.
لە دۆحە، زاڵمای خەلیلزاد، لەگەڵ هەردوو لایەنی ئەفغانستاندا کۆدەبێتەوە و هانیان دەدات و پێشنیازی پشتیوانی ئەمریکاشیان بۆ دەکات تا پرۆسەی ئاشتی لە ئەفغانستان خێراتر بکرێت و دەستبەجێ توندوتیژییەکان کەم بکرێنەوە و وابەستەبن بە ئاگربەستەوە و بە زووترین کات ڕێک بکەون لەسەر نەخشە ڕێگەیەکی سیاسی و هەروەهاش هاوبەشی لە دەسەڵاتیشدا.
بڕیارە سبەی سێشەممە شاندی دانوستاندکاری تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستانیش گەڕێکی نوێی وتووێژەکانیان لە دۆحە دەستپێبکەنەوە.
هاوکاتی ئەم سەردانەی، خەلیلزاد داواش لە وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان دەکات تا پشتیوانی لە کۆتایی پێهێنانی توندوتیژیەکانی ئەفغانستان و چارەسەری ئاشتیانە بکەن.
لە کابوڵ، باڵیۆز خەلیلزاد لەگەڵ ڕێبەرانی ئەفغانستاندا کۆدەبێتەوە و پشتیوانی ئەمریکا ڕادەگەیەنێتەوە بۆ گەلی ئەفغانستان و بۆ هێزە ئاسایشییەکانی ئەو وڵاتە.
هاوکاتی ئەم سەردانە، باڵیۆز زاڵمای خەلیلزاد درێژە بە هاندانی پڕۆژەکان دەدات بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان و بازرگانی و پەرەپێدان لە ناوچەکەدا، وەک لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە "ڕێککەوتنی ئاشتی لە ئەفغانستان یارمەتیدەر دەبێت و درێژەش بە ئاشتی دەدات."