Accessibility links

هەڵبژاردنەکانی ستانی جۆرجیا لە نێوەندی بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتەی واشنتۆن دەهەژێنێت


دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا و جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ئەمڕۆ دووشەممە دەچن بەرەو ستانی جۆرجیا بۆ بەشداریکردن لە گردبوونەوەی لایەنگرانیاندا بەر لە گەڕی دووهەمی ئەو دەنگدانەی زۆرترایەتی ناو سیناتی ئەمریکا دیاردەکات و بڕیارە سبەی سێشەممە بکرێت.

ئەم سەردانەش بۆ ستانی جۆرجیا یەک ڕۆژ پاش بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکە لەسەر سەرۆک ترامپ کە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بەرەو کۆتایی دەڕوات.

ڕاپۆرتەکە واشنتۆنی پایتەختی هەژاندووە.

ئەگەر کاندیدەکانی دیموکراتەکان توانییان سبەی سێشەممەهەردوو کورسییەکەی سینات بەدەست بێنن ئەوا دابەشبوونی ناو سینات دەبێتە 50 بە 50 و لێرەدا کامڵا هێرس، جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەبێتە خاوەن دەنگی یەکلاکەرەوە.

وەهاش بڕیارە ئەم دوو گردبوونەوەیەی دانۆڵد ترامپ و جۆو بایدن ڕێکیدەخەن دوا ململانێی هەردوو لایەنی کۆماری و دیموکراتەکان بێت لەو هەوڵانەی لە دوو مانگ لەمەوبەرەوە دەیدەن لەم ستانەی باشوری ئەمەریکادا.

بەڵام بڵاوبوونەوەی هەواڵی پەیوەندییە تەلەفونییە سەرسوڕهێنەرەکەی سەرۆک ترامپ لەگەڵ براد ڕافێنسپێرگەر، وەزیری ستانی جۆرجیا کە کۆمارییە، سەرنجەکانی لەسەر ئەو دەنگدانەی سبەی سێشەممە لادا، لە کاتێکدا دەبێت کۆمارییەکان لەو دەنگدانەدا سەربکەون.

ترامپ هێشتاش ڕەتی دەکاتەوە دان بە دۆڕاندنی خۆیدا بنێت لە هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی 3ی مانگی 11ی سەرۆکایەتی ئەمریکادا لە بەرامبەر جۆو بایدندا، وێڕای چەند جارێکی ئەژمارکردنەوەی دەنگەکان و هەروەها بڕیارەکانی دادگاش کە داواکانی کۆمارییەکان و سەرۆک ترامپیشیان ڕەت کردەوە.

بلیاردێرە کۆمارییەکانیش بەردەوامن لە چەندبارەکردنەوەی گۆناهابارکردنەکان بەوەی فێڵ و تەڵەکە لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2020ی سەرۆکایەتیدا کراوە و دەنگی دەنگدەرانیش دزراون، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخەنە ڕوو.

لە تۆمارێکی دەنگیدا، سەرۆک ترامپ داوا لە براد ڕافێنسپێرگەر دەکات تا 11780 دەنگ دەستبخات کە شتێک زیاترە لەو دەنگانەی بایدن. سەرۆک ترامپ جۆرێک لە هەڕەشەی تەمومژاوی لەو وەزیرەی ستانی جۆرجیا دەکات و پێی دەڵێت خۆیی و ڕاوێژکارە گشتییەکەیشی ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە ئەگەر بێتوو ئەو داوایەی جێبەجێنەکرێت.

لە وەڵامیشدا براد ڕافێنسپێرگەر بە سەرۆک ترامپ دەڵێت "جەنابی سەرۆک ئەو گرفتەی تۆ هەتە ئەوەیە، زانیارییەکانت هەڵەن."

کامڵا هێرس، جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ڕەخنە و ناڕەزاییەکی زۆری دەربڕیوە لەسەر ئەو پەیوەندییە تەلەفونییە و لە گردبوونەوەکەی ڕۆژی یەکشەممەی کاندیدە دیموکراتەکاندا لە ناوچەی ساڤانا لە ستانی جۆرجیا بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای دەسەڵات لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە" ناودێری کردووە.

هێشتاش سەرۆک ترامپ پشتیوانی لەناو کۆمارییەکاندا هەیە.

سیناتۆری کۆماری، کێڵی لۆفلەر کە یەکێکە لە پشتیوانکارە سەرسەختەکانی سەرۆک ترامپ، هاوکاتی هەڵمەتی خۆ هەڵبژاردنەوەی، وەڵامی ئەو پرسیارەی نەدایەوە کە سەبارەت بەو پەیوەندییە تەلەفونییە بوو.

بەر لە بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانی تایبەت بەو پەیوەندییە تەلەفونییە، زۆرێک لە دەنگدەرانی لایەنگری ترامپ ڕۆژی یەکشەممە دەیانگوت بڕوایان وەهابووە سەرۆک ترامپ لە ستانی جۆرجیا هەڵبژاردنی بردۆتەوە.

سەرۆک ترامپ، ڕۆژی یەکشەممە لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە "ڕۆژی شەممە قسەم لەگەڵ براد ڕافێنسپێرگەر، وەزیر لە ستانی جۆرجیا کردووە سەبارەت بە ناوچەی فۆڵتن و فێڵ و تەڵەکەی هەڵبژاردنیش لە جۆرجیا. براد نەیدەویست یان نەیدەتوانی وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە سەبارەت بە فێڵ و تەڵەکە لە هەڵبژاردن و کارتی دەنگدانی ژێر مێزەکان و تێکدانی کارتەکانی دەنگدان و دەنگدەرانی دەرەوەی ستانەکە، دەنگدەری مردوو و پرسیاری تریش، هیچ زانیارییەکی نەبوو."

XS
SM
MD
LG