لەشکری ئەمریکا لۆمەی تاڵیبان دەکات بۆ ئەو زنجیرە کوشتنەی کەسایەتییە ناودارەکانی ئەفغانستان. ئەمەش یەکەمین جارە واشنتۆن ڕاستەخۆ یاخیبووانی تاڵیبان گوناهبار بکات بەو کوشتنانە.
ئەم لۆمەکردنەی ئەمڕۆ دووشەممەی ئەمریکا بۆ تاڵیبان، یەک ڕۆژ بەر لە دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی ئاشتی نێوان تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستانە کە بڕیارە سبەی سێشەممە لە وڵاتی قەتەر دەستپێبکاتەوە، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە قەیرانی لە مێژینەی ئەو وڵاتە.
کۆلۆنێل سۆنی لاگێت، وتەبێژی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویە "دەبێت هەڵمەتی هێرشە ڕانەگەیەندراوەکانی تاڵیبان کە کاربەدەستانی حکومەت و ڕێبەرانی کۆمەڵگەی سیڤیل و ڕۆژنامەوانانی کردۆتە ئامانج ڕابگیرێن تا ئاشتی سەربکەوێت."
جێگری فەرمانڕەوای هەرێمی کابوڵ و 5 ڕۆژنامەوان و چالاکوانێکی ناوداری هەڵبژاردن، لە نێو ئەوانەدان کە لە مانگی 11ی ڕابردووەوە کوژراون.
کاربەدەستانی ئەفغانستانیش لۆمەی تاڵیبانەکانیان کردووە بۆ ئەو کردەی کوشتنانە، بەڵام ئەم ڕێکخراوە توندڕەوە نکوڵی لەو گوناهبارکردنانە دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە، چەکدارە تێرۆریستەکانی دەوڵەتی ئیسلامی کە ڕکابەری تاڵیبانن، بەرپرسیارێتی خۆیان لە هەندێک لەو کردەی کوشتنانە ڕاگەیاندووە.
ئەو ڕاگەیاندنەی کۆلۆنێل لاگێت لە کاتێکدایە، تاڵیبان هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا گوناهبار دەکات بەوەی لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا هێرشی ئاسمانی کردۆتە سەر یاخیبووان لەهەرێمەکانیقەندەهار و نانگارهار و هێلماند.
تاڵیبان دەڵێت ئەو هێرشانە پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنەن لە مانگی 2دا مۆرکرا بۆ زەمینە خۆشکردنی کشانەوەی هێزە بیانییەکان تا مانگی 5ی ئەمساڵی 2021.
کۆلۆنێل لاگێت دەڵێت ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتگیری کردنی هێزە سەربازییەکانی ئەفغانستان دژ بە هێرشەکانی تاڵیبان.
توندوتیژییەکان لە ئەفغانستان زیادیان کردووە و هێزەکانی حکومەتی وڵاتەکە و چەکدارانی تاڵیبان ڕۆژانە لە ناوچە دوورە دەستەکاندا لە شەڕدان.
ئەحمەد زیا سیڕاج، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئەفغانستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە یاسادانەرانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، لە ساڵی 2020دا تاڵیبان زیاتر لە 18 هەزار هێرشی کردووە.