Accessibility links

پلانی بوژاندنەوەی ئابوری کێشە بۆ ڕێبەرانی دیموکرات و کۆماری دەنێتەوە لە کۆنگرێسی ئەمریکادا


ژمارەیەک خەڵک کە بە ئاژاوەگێڕ و تێکدەر ناودێر کراون، ماڵی ڕێبەری کۆمارییەکان لە سیناتی ئەمریکا و هەروەهاش سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەنە ئامانج.

بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان تێکدەران لەسەر دیواری ماڵی مچ مەککۆنێل لە ناوچەی لویزفێڵ لە ستانی کەنتاکی نوسیویانە "کوا پارەکانم، مچ خەڵکی هەژار دەکوژێت."

بە هەمان شێوەش لە شاری سان فرانسیسکۆ لە ستانی کالیفۆرنیا "سەری بەرازێک و ڕەنگی سوریش وەک ئاماژەیەک بە خوێن" لە نزیک ماڵی نانسی پیلۆسی دانراوە.

ئەم بە ئامانج گرتنەی مەککۆنێل و پیلۆسی دوای مشتومڕێکی چڕ و پڕ دێت لەسەر پلانی بوژاندنەوەی ئابوری کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە ئابوری ئەمریکا زیانێکی زۆری لێکەوتووە.

هاوکاتی ڕۆژی کرسمس (جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح) پلانێک بە بڕی 900 ملیار دۆلار پەسەندکرا، پاش ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران کە دیموکراتەکان تیایدا زۆرترایەتین، قایل بوو بەوەی هاریکاریکردنەکە لە 600 دۆلارەوە بەرز بکرێتەوە بۆ 2000 دۆلار.

بەڵام سیناتی ئەمریکا کە کۆمارییەکان تیایدا زۆرترایەتین، بەو بەرزکردنەوەیەی هاریکارییە قایل نەبوو، هەرچەندە سەرۆک ترامپ کە گەڕی سەرۆکایەتییەکەی بەرەو تەواو بوون دەڕوات داوای دەکرد سینات پەسەندی بکات.

مەککۆنێل، ڕۆژی چوارشەممە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند "سیناتی ئەمریکا مل نادات بۆ ترساندن و ناچارکردن، تا پارەی زیاتر بخاتە دەستی هاوڕێ دیموکراتە دەوڵەمەندەکان کە پێویستیان بە یارمەتی نییە."

ڕێبەری کۆمارییەکان لە سیناتی ئەمریکا وەها باسی لەو نوسینانە کرد لەسەر دیواری ماڵەکەی کە "سەپۆلێکی توڕەیی و ناڕەزایی دەربڕینێکی توندڕەوانەیە و ڕێبازی ترساندن و ئاژاوەگێڕی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا جێی نییە."

میدیاکانی ئەمریکا دەڵێن بەشی لێکۆڵینەوەی تایبەت لە پۆلیسی هەردوو ستانی کەنتاکی و کالیفۆرنیا دەستیان کردووە نە لێکۆڵینەوەکانیان.

XS
SM
MD
LG