Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنەی توند لە ئێران دەگرێت


نەتەوە یەکگرتووەکان ئێران شەرمەزار دەکات بەهۆی لەسێدارەدانی پیاوێک کە بە کوشتن تاوانبار کراوە لە کاتێکدا تەمەنی 16 ساڵان بووە و دەڵێت ئەو سزایە پێشێلکردنی مافە جیهانییەکانە.

مشێڵ باچلێیت، کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی لەسێدارەدانی محەمەد حەسەن ڕەزایی لە 31 ی مانگی 12 شەرمەزار کرد و ئەو چوارەم کەس بووە کە بەهۆی تاوانێکی کە لە پێش تەمەنی 18 ساڵیدا ئەنجامی داوە.

ڕەزایی تەمەنی 16 ساڵان بوو کاتێک لە سالی 2007 بەهۆی گوایە دەستهەبوونی لە کوشتنی کەسێک بە چەقۆ لە شەڕیکی گروپدا دەستگیر کرا. خانمە گوتەبێژی کۆمسیاری باڵا، ڕەڤینا شەمداسانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ڕەزایی کاتێک دەستگیرکرابوو کە لە نەخۆشخانەبوو بۆ چارەسەرکردنی برینداربوونی لەو شەڕەدا و بە پێی ڕاپۆرتان لەژێر فشاردا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

شەمداسانی گوتی " لە ڕاستیدا دەنگۆی باوەڕپێکراو هەیە کە لێدانیشی خواردبوو. ئەو بە تێڵا و بۆکس لێی دراوە. شەقی لێراوە، فشاری بۆ براوە دان بەو تاوانەدا بنێت و ڕێگەش نەدراوە دەستی بە خزمەتگوزاری تەندروستی ڕابگات بۆ برینەکانی. پاشان خرایە زیندانی تاکە کەسییەوە بێ ئەوەی ڕێگە بە خێزانەکەی و پارێزەرەکەی بدرێت چاویان پێبکەوێت و بەردەوامیش دەبرا بۆ لێکۆڵینەوە کردن لەگەڵیدا."

شەمداسانی گوتیشی ڕەزایی 13 ساڵی لە چاوەڕوانی سزای مەرگدا بەسەر برد. ئەو گوتیشی ڕۆژی چوارشەممە خێزانەکەی ئاگادار کرایەوە کە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە لەسێدارە دەدرێت.

هەروەها گوتیشی " هەر لەم ساڵدا ئێران چوار تاوانباری منداڵ ( ژێر تەمەن هەژدە ساڵ) ی لە سێدارە داوە. و بە پێی ئەو ئامارەی کە لە بەردەستمانە ئێران لە هەمو وڵاتێکی جیهان زیاتر تاوانباری منداڵی لەسێدارە داوە، و ئێستا ئێمە نیگەرانی ئەوەشین کە بەلایەنی کەم 84 کەسی تر کە کاتێک تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بووە تاوانێکیان ئەنجام داوە چاوەڕانی جێبەجێکردنی سزای مەرگیانن."

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی دەڵێت لە ساڵی 1990 وە 149 کەسی کە بەهۆی تاوانێکی بە منداڵی کردوویانە لە 10 وڵاتی جیهاندا لەسێدارە دراون. ئەو وڵاتانەش بریتین لە چین، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، ئێران، نایجیریا، پاکستان، عەرەبستانی سعودیە، سودانی باشور، سودان، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و یەمەن."

بە پێی یاسای ئێران سزای لەسێدارە دان بۆ هەندێک کوڕان لە تەمەنی 15 ساڵییەوە دەیانگرێتەوە و بۆ کچان تەمەنی 9 ساڵی.

XS
SM
MD
LG