Accessibility links

پەیامی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵی نوێ


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس پەیامێکی هیوابەخشی بۆ سەری ساڵی نوێ پێشکەش بە سەدان ملیۆن کەس کرد لە سەرانسەری جیهاندا کە پەتای کۆڤید-19 لە ساڵی 2020دا کاریکردە سەر ژیانیان.

گۆتێرس خەمەکانی خۆی ناشارێتەوە لەمەڕ ئەو سەختییانەی بەهۆی پەتای سەدەوە دروست بوون. ئەو گوتی کۆڤید-19 کاری کردۆتە سەر ژیانی ملیۆنان کەس و جیهانی خستۆتە نێو مەینەتییەوە.

ئەو ساڵی 2020 وەک ساڵێکی، تاقیکردنەوە، نەهامەتی و فرمێسک، ساڵێک کە بەردەوام ترس و دڵەڕاوکێی دروست کرد و قوربانی نوێیدا لە کاتێدا پەتای کۆڤید-19 بەردەوام بوو. ئەو گوتی ئەو پەتایە بووە هۆی زیادکردنی هەژاری، نایەکسانی و برسێتی.

ئەو گوتیشی " بەڵام ساڵێکی نوێمان لەبەردەمە، کە تیایدا ئێمە هیوا دەبینین: خەڵکی زیاتر دەستی هاوکاری بۆ دراوسێکانیان و خەڵکی نەناس درێژدەکەن. کارمەندانی فریاگوزاری هەوڵێکی زۆر دەدەن. زانایان ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆس لە ماوەیەکی کەمدا دروست دەکەن. وڵاتان بەڵێنەکانیان بۆ ڕێگەگرتن لە کارەساتی گۆڕانی کەشوهەوا نوێدەکەنەوە."

گۆتێرس گوتیشی گۆڕانی کەشوهەوا و پەتاکە ئەو قەیرانانەن کە بە ئاسانی تێپەڕ نابن. ئەو گوتی ئەمانە کاری زۆر، وابەستەیی و لە هەموشیان گرنگتر خواستی خەڵکی خەڵکی دەوێت تا پێکەوە بۆ هەمان ئامانج کاربکەن.

ئەو گوتی " ئەگەر پێکەوە بە یەکگرتووی و بە دڵسۆزییەوە کار بکرێت، ئەوا دەشێت بگەین بەو ئامانجانە".


XS
SM
MD
LG