Accessibility links

دیموکراتەکان هەوڵ دەدەن سینات دەنگ بدات لەسەر زیادکردنی بڕی هاوکاری ئەمەریکاییەکان لە دەمی کۆرۆنادا


دیموکراتەکان دەخوازن ڕۆژی سێشەممە فشاری زیاتر بخەنە سەر سیناتی ئەمەریکا بۆ پەسەندکردنی بڕێکی زیاتر هاوکاریکردنی ئەمەریکاییەکان لە دەمی ئەم پەتای کۆرۆنایەدا و داواکاری سەرۆک ترامپ بەجێبگەیەنن بۆ ناردنی بڕی دوو هەزار دۆلار هاوکاری بۆ ئەمەریکاییەکان کە لە پێشترەوە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەند کراوە.

لە کاتێکدا دیموکراتەکان لە سیناتدا کەمینەن و ڕێبەری زۆرینەی سینات مچ مککانەڵ هیچ خواستێکی ئاشکرای نیشان نەداوە کە ئەو بابەتە بخاتە دەنگدانەوە، کەسایەتییە دیموکراتە بەناوبانگەکان دەڵێن ئەوان هەوڵ دەدەن چەند ڕێگایەکیتر بگرنە تا فشار بخەنە سەریان.

ڕێبەری کەمینە لە سینات چاک شومەر پلانی هەیە شێوازێکی تایبەت بۆ خوێدنەوەی ئەم پرۆسەیە بەکاربهێنێت کە دەکرێت ڕابگیرێت ئەگەر هەر سیناتۆرێک دژی بێت.

چاک شومەر، ڕێبەری کەمینەی سینات
چاک شومەر، ڕێبەری کەمینەی سینات

چاک شومەر لە بەیاننامەیەکدا گوتی " لە هەمو گۆشیەکی ئەم وڵاتەوە پشتیوانییەکی بەهێز هەیە بۆ هاوکاری خێرایی 2000 دۆلاری، ڕێبەر مککانەڵ پێویستە دڵنیابێت کە کۆمارییەکانی سینات نەبنە کۆسپ لەبەردەم هاوکاریکردنی کارکەرو خێزانە ئەمەریکاییەکانی کە داوای یارمەتی دەکەن."

کۆمارییەکان بە شێوەیەکی زۆر بەرەنگاری خەرجییە زیادەکان بوونەتەوە. ئەندامی کۆنگرێس کێڤن برادی گوتی ئەو یاسایە هاوکاری ئەو هاووڵاتیانە ناکات کە بێکارن تا بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

برادی گوتیشی " نیگەرانی ئەوەم ئێمە نیو ترلیۆن دۆلاری تر زۆر بەخێرایی خەرج بکەین، و ئەم یارمەتییەش ئەو کەسانە نەکاتە ئامانج کە بە زۆرترین شێوە پێویستیان پێیەتی."

سیناتۆر بێرنی ساندەرس، کە سیناتۆرێکی سەربەخۆیە بەڵام هاوپەیمانی دیموکراتەکانە، ڕۆژی دووشەممە هەڕەشەی کرد و گوتی " با ڕوون بم: ئەگەر سیناتۆر مککانەڵ ڕازی نەبێت بە دەنگدان بۆ دابین کردنی 2000 دۆلار بۆ کارکەرانی وڵاتەکەمان، کۆنگرێس بۆ ئێوارەی سەری ساڵ ناڕواتەوە ماڵەوە."

سیناتۆر بێرنی ساندەرس
سیناتۆر بێرنی ساندەرس

سەرۆک ترامپیش ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە تویتێکی پشتگیری بۆ قسەکانی ساندەرس کرد بەبێ ئەوەی ئاماژەی پێبکات ئەو پشتیوانی خۆی بۆ زیادکردنی بڕی هاوکاری بۆ ئەمەریکاییان دەربڕی.

سەرۆک لە تویتەکەیدا دەڵێت دەڵێت " 2000 دۆلار بدەن بە خەڵکی نەک 600 دۆلار، ئەوان نەهامەتی زۆریان بینی."

ئەنجومەنی نوێنەرانی زۆرینە دیموکرات ڕۆژی دووشەممە زیادکردنی هاوکارییەکانی دەمی ئەم پەتایەیان بە 275 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 134 دەنگی نەخێر پەسەند کرد. پێشتریش کۆنگرێس هاوکارییەکی بڕی 600 دۆلاری پەسەند کردبوو.

لە کاتێکدا خەریک بوو کاروبارەکانی حکومەتی ئەمەریکا بەهۆی پەسەند نەکردنی بودجەوە ڕابوەستێت، سەرۆک دانۆڵد ترامپ شەوی یەکشەممە بودجەی 2.3 ترلیۆن دۆلاری مۆرکرد کە بریتی بوو لە 900 ملیار دۆلار هاوکاری ئەمەریکاییەکان بۆ دەرباز بوون لە سەختییە ئابورییەکانی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە توشی بوون، لەگەڵ 1 ترلیۆن و 400 ملیار دۆلار بۆ خەرجییەکانی حکومەت هەتا مانگی 9 ی داهاتوو.

دانۆڵد ترامپ و خانمی یەکەم میلانیا ترامپ
دانۆڵد ترامپ و خانمی یەکەم میلانیا ترامپ

سەرۆک ئەو یاسایەی بە " شەرمەزاری " ناودێر کرد پاش ئەوەی لە هەفتەی ڕابوردوو نوێنەرانی کۆشکی سپی و سینات پەسەندیان کرد، و کۆتایی بە دانوستاندنی چەند مانگی هێنا کە ترامپ کەمتر بەشدار بوو تیایدا. سەرۆک ترامپ دژی چەند بەشێکی ئەو پاکێجە بوو وەک خۆی ڕایگەیاند دەیویست هەندێک شتی " بێکەڵک" لاببرێت و لەبری ئەوە، ئەو هاوکارییە 600 دۆلارییە ببێت بە 2000 بۆ ئەمەریکاییەکان.

ئەو هەروەها لە چەندین شوێنیشدا دژی بودجەی بەرگری بوو و بەبێ ئەوەی وردەکاری بدات ڕایگەیاند کە لە بەرژەوەندی وڵاتی چیندایە.

XS
SM
MD
LG