Accessibility links

عێراق و ڕێوشوێنی نوێی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا


بە بەراورد لەگەڵ هەفتەکانی ڕابردوودا،بڵاوبوونەوە و مردن بە پەتای کۆرۆنا بە ئاستێکی بێ پێشینە لە عێراق دابەزیوە، بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی وڵاتەکە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ شەممەی وەزارەتی تەندروستیدا ئاماژەش بەوەکراوە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 836 کەس تووشی پەتای کۆرۆنا بوون لە سەرجەم ئەو 35 هەزار پسکنینە تەندروستییەی کراون و 12 کەس بە کۆڤید 19 گیانیان لەدەستداوە و 1390 کەسیش پەتاکەیان تێپەڕاندووە.

ڕۆژی پێنجشەممە لە عێراق 7 گیان لەدەستدان هەبووە و نزیکەی 1100 کەس تووشی پەتاکە بوون.

لەسەر بنچینەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ شەممەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، بۆ یەکەم جارە لە چەند مانگی ڕابردوودا ئامارەکان ئاوەها کەم بن و ژمارەی توشبووان لە ژێر هەزار کەسەوە بێت.

لە مانگی 9ی ڕابردوودا، بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە عێراق گەیشتە لوتکە و لە هەندێک ڕۆژدا ڕادەگەیەنرا 5 هەزار کەس تووشی پەتاکە بوون و ڕۆژانە تا کۆتایی مانگی یازدەش ئەو ژمارەیە بەرەو کەمبوونەوە دەچوو.

عێراق بە یەکێک لەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت کە پەتای کۆرۆنا زیانی گەورەی لێداوە و ئامارە فەرمییەکان دەڵێن تا ئێستا زیاتر لە 590 هەزار کەس تووشی پەتاکە بوون و زیاتر لە 12700 کەسیش بە کۆڤید 19 گیانیان لە دەستداوە.

پێشتر وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند کە ڤاکسینی فایزەری دابین کردووە و ڕێککەوتنێکی بەرایی مۆرکردووە بۆ کڕینی یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار ڤاکسینی فایزەر و بڕیارە لە سەرەتیا ساڵی 2021دا بگاتە وڵاتەکە.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند 3 ملیۆن دۆلاری وەک پێشەکی بۆ کڕینی ڤاکسینەکە تەرخانکردووە تا بیداتە کپۆمپانیای فایزەر و دواتریش تەواوی بڕە پارەی کڕینی ڤاکسینەکە بدرێت کە 15 ملیۆن دۆلارە.

عێراق جارێکی تریش لە هەفتەی ڕابردوودا، ڕێوشوێنی نوێی ڕاگەیاند بۆ خۆپاراستن لەو جۆرە نوێیەی پەتای کۆرۆنا لە بەریتانیا بڵاوبۆتەوە، لەوانە داخستنی سنوری وشکانی و ڕێگەگرتن لە چوون بۆ ژمارەیەک وڵات، لەوانە بەریتانیا، ئافریکای باشور، ئوستورالیا، دانیمارک و هۆڵەندا و بەلژیکا و ئێران و ژاپۆن، ئەو وڵاتانەی تریش کە وەزارەتی تەندروستی دواتر ڕایاندەگەیەنێت، بێ لەم هەنگاوە، عێراق بڕیاریشی داوە بە داخستنی چێشتخانە و شوێنە گشتییەکان بۆ ماوەی دوو هەفتە.

بەپێی ئەم ڕێوشوێنە نوێیانە، ڕێگە نادرێت هیچ هاوڵاتییەکی ئەو وڵاتانەی ئاماژەیان پێکراوە سەردانی عێراق بکەن و هەرچ هاوڵاتییەکی عێراقییش لەو وڵاتانەوە بگەڕێتەوە، ئەوا بۆ 14 ڕۆژ کەرەنتینە دەکرێت

XS
SM
MD
LG