Accessibility links

ئاگرێک لە نەخۆشخانەیەکی قاهیرە دەکەوێتەوە و قوربانییەکانیش کۆرۆنایان هەیە


کاربەدەستان دەڵین لە ئاکامی ئاگرکەوتنەوەیەک لە بەشی سەرپەرشتی چر لە نەخۆشخانەیەکی میسردا، 7 کەس کە پەتای کۆرۆنایان هەبووە گیانیان لە دەستداوە.

پۆلیس دەڵێت ئاگرەکە لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی ناوچەی عبور کەوتۆتەوە لە قاهیرەی پایتەخت و دەشڵێت 5 کەسیش لەو ڕووداوەدا بریندارن و بریندار و نەخۆشەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی تری ناوچەکە.

ئاگرکوژێنەوەکان توانیویانە ئاورەکە بکوژێننەوە و پۆلیس و لێکۆڵەرەوەکانیش دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوەکردن.

ڕۆژنامەی ئەلئەهرام، کە حکومەتی میسر دەریدەکات، لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئاگرکەوتنەوەکە لە ئاکامی شۆرتی ئەلکتریک بووە لە نەخۆشخانەکەدا.

لە مانگی 6ی ڕابردووشدا ئاورێکی هاوشێوە لە بەشی تووشبووان بە پەتای کۆرۆنا کەوتەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئەسکەندەرییەدا، لەم ڕووداوەشدا 7 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا و یەک کەسیش بریندار بوو. لە مانگی پێنجیشدا لە نێوەندێکی تایبەتدا بەوانەی پەتای کۆرۆنایان هەبووە، ئاگرێک دەکەوێتەوە بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

وڵاتی میسر، بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی توشبوونی بە کۆڤید 19 بەخۆوە بینیوە و ئەمەش حکومەتی وڵاتەکەی ناچارکرد بەوەی زۆربەی نەخۆشخانەکانی تایبەتن بە چارەسەر کردنی کۆرۆنا بکاتەوە و هەروەهاش تووشبووەکان جیا بکاتەوە. وەزارەتی تەندروستی میسر دەڵێت ڕۆژی هەینی 1113 کەس توشی پەتاکە بوون و 49 کەسیش بەم پەتایە گیانیان لەدەستداوە.

تا ئێستا وەک سەرچاوە فەرمییەکان لە میسر ئاماژەی پێدەکەن 130126 کەس تووشی کۆرۆنابوون و زیاتر لە 7309 کەسیش بەم پەتایە گیانیان لەدەستداوە.

بڕوا وەهایە ژمارەی ڕاستەقینەی تووشبووان بە پەتای کۆرۆنا لە وڵاتی میسر زۆر زیاتر بێت لەو ژمارانەی ڕادەگەیەندرێن، لەو ڕوانگەیەوەی سەرچاوەکانی پشکنینە تەندروستییەکان سنوردارن لەو وڵاتەدا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 100 ملیۆن کەسن.

XS
SM
MD
LG