Accessibility links

پاپای ڤاتیکان بەڵێن دەدات بە زووترین کات سەردانی لوبنان و سودانی باشور بکات


پاپا فرانسیس لە پەیامەکانیدا بە بۆنەی جەژنی کریسمسەوە ڕۆژی پێنجشەممە بەڵێنی دا بە زووترین کات سەردانی لوبنان و سودانی باشور بکات.

پاپ بە گشتی لە پەیامی ڕۆژی کریسمسیدا ئاماژە بە ناوی وڵاتان دەکات ، بەڵام بە هۆی کێشەکانی ئەمساڵەوە ناوی ئەو دوو وڵاتەی بە هۆی قەیرانەکانیانەوە بە تایبەتی لە ڕۆژی پێش کریسمسدا هێنا.

پاپا فرانسیس کاتێک ئاماژەی بە سەختییەکانی خەڵکی لوبنان کرد لە پاش تەقینەوەکانی 4ی مانگی 8 کە نزیکەی 200 کەسی تێدا کوژران گوتی " من زۆڕ دڵ نیگەرانم بە بینینی ئەو هەموو سەختی و ناخۆشیانە لە وڵاتی سنەوبەرەکاندا کە تەنگی بە خەڵکەکەی هەڵچنیوە."

قوربانیان هێشتا چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئەو تەقینەوانە دەکەن.

فرانسیس هەروەها گوتی " سۆزی خۆم بۆ خەڵکی خۆشەویستی لوبنان دەردەبڕم و هیوادارم بە زووترین کات سەردانیان بکەم" .

ئەو گوتیشی هیوا دەخوازێت وڵاتەکە بە دوور بێت لەناکۆکی و تەنگژە ناوچەییەکان .

پاپا پێشتر ڕایگەیاندبوو له 5 تا 8 ی مانگی سێ سەردانی عێراق بکات.

لەپەیامێکی جیادا کە بەهاوبەشی نووسراوە لەگەڵ جەستین وێڵبی سەرۆکی قەشەکانی کانتەربێری کە ڕابەری ڕۆحی پەیوەندییە جیهانیەکانی کڵێسای کرستیانەکان دەکات و هەروەها بە هاوبەشی لەگەڵ مارتین فەیر بەڕێوبەری کڵێسای سکۆتڵەند. ئەو سێ سەرکردەیەی کڵێساکان پابەندبوون بەئەنجامدانی گەشتێک بۆ سودانی باشوری زۆرینە کریستیان کە پێشتر بە بیانووی دۆخی نالەباری وڵاتەکە دواخرابوو.

پەیامەکە ئاراستەی سەرکردەکانی سودانی باشور کراوە، ئەو ڕکابەرانەی پێشوو کە لە مانگی2دا دوای چەندین ساڵ شەڕی ناوخۆ کە بووە هۆی وێرانکردنی ئەو وڵاتە و هەژارترکردنی خەڵکەکەی، حکومەتی یەکێتی نیشتمانیان پێکهێنا.

ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم مانگەدا ڕایگەیاند کە جێبەجێکردنی بوارە جۆراوجۆرەکانی ڕێککەوتنی ئاشتی لەو وڵاتەدا لە کار کەوتووە، ئەو جێگایەی کە لە مانگی نۆدا لافاو سەدان هەزار کەسی لەو ناوچەیە ئاوارە کرد.

XS
SM
MD
LG