Accessibility links

سی پی جەی داوا لە مەسرور بارزانی دەکات رێز لە ئازادی ڕاگەیاندن بگیردرێت


کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان ناسرو بە CPJ (سی پی جەی) داوا لە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی دەکات ڕێز لە ئازادی ڕاگەیاندن بگرێت.

لە نامە کراوەکەیدا بۆ بەڕێز بارزانی ئەو ڕێکخراوە جیهانییە دەڵێت ئەم نامەیە دەنوسین تا " نیگەرانی قوڵی خۆمان لەمەڕ دەستگیرکردنەکانی ئەمدواییانەو سەرکوتکردنی ئازادی ڕاگەیاندن لە کوردستانی عێراق دەربڕین و داوات لێ دەکەین چاوترساندنی دەزگا هەواڵییە خۆجێهییەکانی ئەم دواییانە شەرمەزار بکەن و ئەوەی لە تواناتاندا بێت بیکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەوان بتوانن کارەکانیان بەبێ ترس و بە سەلامەتی ئەنجام بدەن بەبێ ئەوەی ترسیان لە تۆڵەکردنەوە هەبێت."

هەروەها دەشڵێت " ئێمە داواشت لێدەکەین دەسەڵاتی خۆت بەکاربهێنیت بۆ کۆتاییهێنان بە هەراسانکردنی کەناڵی NRT و ئازادکردنی هەمو ئەو ڕۆژنامەوانانەی دەستگیر کراون بە زووترین کات."

لە نامەکەیدا بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان،کە لە هەژمارەی تویتەری ڕێکخراوەکەش بڵاوی کردۆتەوە CPJ دەشڵێت " وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بەم دواییانە هۆشداری داوە بە بێژرە خۆجێهییەکانی کەناڵەکانی ڕووداو، سپێدە و پەیام لەسەر ئەوەی ڕووماڵکردنی دیمەنەکانی توندوتیژی لە کاتی خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی کوردستانی عێراق لەسەر نەدانی مووچەی فەرمانبەران، یان پەخشکردنی ئەو شتانەی دەبنە هۆی هاندانی توندوتیژی و تێکدانیکۆمەڵایەتی، دەرئەنجامی یاسایی قورسی دەبێت."

كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان لەنامەكەیدا ئەوەی وەبیر مەسرور بارزانی هێناوەتەوە، كە لەكۆبونەوەیەكی وەفدێكی كۆمیتەكەیاندا لەساڵی 2008 لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی ئەو كاتەی هەرێمدا، ناوبراو بەڵێنی داوە كەشێكی لەبار بۆ كاری رۆژنامەوانی بڕەخسێنێت و رەتیكردۆتەوە كە هیچ كەسێک بە تۆمەتی ئازادی رادەبڕێن دەستگیربكرێت.

بۆیە كۆمیتەكە داوای لە سەرۆكی حكومەتی هەرێم كردوە پابەندبێت بەو بەڵێنەی مەسعود بارزانییەوە ئەوەش بە رێگەدان بە ئازادی كاركردنی رۆژنامەوانی لە هەرێمی كوردستان.

شایانی باسە لە سەرەتای ئەم مانگەدا خۆپیشاندەران لە چەندین شارو شارۆچکەی هەرێمی کوردستان ناڕەزاییان بەرامبەر خراپی گوزەرانیان دەربڕی لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان دووچاری قەیرانی دارایی بۆتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتان هەتا ئێستا بەلایەنی کەم 8 خۆپیشاندەر و ئەندامێکی هێزی پێشمەرگە لەو خۆپیشاندانانەدا کوژراون. خۆپیشاندەران ئاگریان لە چەندین بنکەو بارەگای پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەردا.

.

XS
SM
MD
LG