Accessibility links

حکومەتی هەرێمی کوردستان قەدەغەکردنی هاتوچۆ بۆ هەشت وڵات ڕادەگەیەنێت


پاش بڵاوبوونەوەی شێوازێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیا و دروست بوونی پشێوی و ئاڵۆزی لە سەرانسەری جیهان و دەرکەوتنی ئەو شێوازی ڤایرۆسە لە چەندین وڵاتی تری جیهان وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕێنمانی نوێ بۆ خۆپارێزی دەردەکات و تیایدا قەدەغەکردنی گەشت بۆ چەند وڵاتێکی جیهان ڕادەگەیەنێت.

لەو بڵاوکراوەیەی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاو کراوەتەوە 14 خاڵ ڕاگەیەندراوە و یەکەمیان ئاماژە بەوە دەکات " گەشت کردنی هاووڵاتیانی عێراقی لە رێگای دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی بەریتانیا، باشوری ئافریکا، ئوسترالیا، دانیمارک، هۆڵەندا، بەلجیکا، کۆماری ئیسلامی ئێران و ژاپۆن" قەدەغە دەکرێت.

و هەروها ئاماژە بەوەش کراوە هاتنی ئەو کەسە بیانیانەش قەدەغە دەکرێت کە لە پاش 15ی 12ی 2020 وە لەو وڵاتانە بوون " جگە لە ئاژانس و ڕێکخراوەکانی UN و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و هاوپەیمان و دیپلۆماتکاران و شاندە فەرمییەکان ڕێگە پێدراوە بە پێی ڕێنماییە تەندروستییەکان."

ئەگەر هەر هاووڵاتییەکی عێراقیش لەو وڵاتانەوە بگەڕێتەوە ئەوا 14 ڕۆژ " لەوشوێنەی کە وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەو مەبەستە دیاری دەکات" کەرەنتینە دەکرێن.

لە بەیاننامەکەدا گوتراوە هەمو گردبوونەوەو کۆنفرانس و کۆبوونەوەیەکیش قەدەغە دەکرێت. هەروەها ڕێنمایی نوێی بۆ بازاڕەکان و شوێنە گشتییەکان دیاری کراوەو هاووڵاتیان نابێت بەبی ماسک بڕۆنە ئەو شوێنانەوە.

هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە ئەگەر هاووڵاتیان ڕێنماییەکان بەجێ نەگەیەنن ئەوا سزای دارایی دەدرێن.

بڕیارەکانیش لە کاتژمێر 12 ی شەوی 24 ی مانگی 12ی 2020 وە دەستپێدەکات و هەتا کاتژمێر 12 ی شەوی 15ی مانگی 1 ی ساڵی 2021 بەردەوام دەبێت.

کاربەدەستانی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوە دەکەن ئەم شێوازە نوێیە یان گۆڕاوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر خێراتر بڵاو دەبێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە هەڵمەتی کوتانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا دەستیپێکردووە بەڵام شارەزایان دەڵێن دڵنیانین لەوەی ئەم ڤاکسینانەی ئێستا کاریگەرییان بۆ شێوازە نوێیەکە هەبێت.

XS
SM
MD
LG