Accessibility links

گومانباری تری لۆکەربی گوناهبار دەکرێن


وەزیری دادی ئەمریکا لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا

وەزارەتی داد لە ئەمریکا ئەو کەسە لیبیاییەی گوناهبار کردوە کە بە پسپۆڕی دروستکردنی بۆمب ناسراوە و پەیوەندی هەبووە بە تەقاندنەوەی فڕۆکەکەوە لە ئاسمانی لۆکەربی، سکۆتلاند.

لەو گەشتە ئاسمانییەی پان ئەی ئێم 103دا، 259 کەسی ناو فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا و هەروەها 11 کەسیش لەسەر زەوی.

ئەم گوناهبارکردنانەش لە 32هەمین ساڵیادی تەقاندنەوەی فڕۆکەکەدا ڕاگەیەندراون لە دوا کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی ویلیام باڕ، وەزیری دادی ئەمەریکا.

وەزیری داد، پێشتر گوناهبارکردنی 2 کارمەندی دەزگای هەواڵگریی لیبیای ڕاگەیاندبوو، ئەو کاتەی وەزیری کارگێری داد بوو بەر لە 30 ساڵ و لەو کاتەشدا پەیمانی دابوو بەوەی لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەو ڕووداوە بەردەوام دەبن.

لەگەڵ ئەوەشدا چەند مانگێکە وەزیری داد هیچ کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی نەکردووە، بەڵام لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکانی ئەمڕۆ دووشەممەی دوا کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانییەتی وەک کار و ئەرک و پیشەیی خۆی.

لە کاتێکدا گوناهبارکردنی نوێ خراونەتە ڕوو، وەزارەتی داد چاوی خشاندۆتەوە بەو دۆسێیەدا کە کێشەی نێوان ئەمریکا و لیبیای قوڵتر کردۆتەوە و هەر ئەو لێکۆڵینەوانەش بوونە مایەی ئاشکرا کردنی هەڕەشە و مەترسییەکانی تێرۆریزمی نێونەتەوەیی، تەنانەت زیاتر لە 10 ساڵ بەر لە هێرشە تێرۆرکارییەکانی 11ی سەپتێمبەر.

لە ساڵی 1992دا، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان گەمارۆی چەک و قەدەغەکردنی سەفەرکردنیشی سەپاندە سەر لیبیا وەک فشارێک بۆ هاندانی کۆلۆنێل موعەمەر ئەلقەزافی، سەرۆکی ئەو کاتەی لیبیا تا 2 گومانبارەکە بدات بە دەستەوە. بەڵام حکومەتی لیبیا ئەو 2 گومانبارەی نەدایە دەست ئەمریکا بە بیانوی ئەوەی دەشێت دادپەروەرانە دادگایی نەکرێن؛ دواتر هەردوکیانی دایە دەست ئەنجومەنێکی دادوەرانی سکۆتلاندی لە دادگایەکی هۆڵەندادا.

عەبدولباست ئەلموقرحی، کاربەدەستی پێشووی دەزگای هەواڵگری لیبیا لەو دادگاییکردنەدا گوناهبار کرا، هەرچی دووهەمیشیانە دادگا بە بێتاوانی دانا و ئازادکرا.

سزای زیندانی کردنی هەتا هەتایی سەپێندرا بەسەر ئەلموقرحیدا،کاربەدەستانی سکۆتلاند لە ساڵی 2009دا بڕیاریاندا ئازد بکرێت لەسەر بنچینەی مرۆیی، چونکە شێرپەنجەی پرۆستاتی هەبوو. دواتر لە تەرابلوس مرد.

ڕۆژی 21 مانگی 12ی ساڵی 1988 فڕۆکەکەی پان ئەی ئێم لە ئاسمانی ناوچەی لۆکەربیدا تەقێندرایەوە، پاش هەڵسانی فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی لەندەنەوە تا بڕوات بەرەو شاری نیویۆرک و لەوێشەوە بۆ شاری دیترۆیت لە ئەمریکا.

35 خوێندکاری زانکۆی ساراکیوز لەو فڕۆکەیەدا بوون و دەگەڕانەوە بۆ ئەمریکا بۆ جەژنی کرسمس.

ئەو ڕووداوە دواترین بروسکەی پشێوی و ئاڵۆزییەکانی نێوان لیبیا و وڵاتانی ڕۆژئاوابووە، لە ساڵانی پێش ئەو ڕووداوەشدا، لۆمەی لیبیا دەکرا بۆ تەقاندنەوەی یانەیەکی شەوانەی دیسکۆ لە بەرلین، کە دوو سەربازی ئەمریکایی تیادا کوژران و دەیانی تریشی برینداربوون.

لە ساڵی 2003دا، قەزافی و لیبیا بە فەرمی بەرپرسیارێتییان لەو ڕووداوە ڕاگەیاند و 2 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو دای بە کەسوکاری قوربانییەکان بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوانیاندا مۆرکرابوو. دواتر لە ساڵی 2006دا بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک بوش لیبیای لە لیستی وڵاتانی پشتیوانکاری تێرۆریزم لادا و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەستیان پێکردەوە.

شانبەشانی باڕ، وەزیری دادی ئەمریکا، کەسێکی تری سەرەکی لە لێکۆڵینەوەکانی لۆکەربیدا، ڕۆبێرت موڵەر بوو، ئەو کاتەی گوناهبارکردنەکانی یەکەم ڕاگەیەندرا، سەرۆکی بەشی تاوانەکان بوو لە وەزارەتی داد. دواتر موڵەر بووە سەرۆکی دەزگای لێکۆڵینەوەی فێدراڵی (ئێف بی ئای).

XS
SM
MD
LG