Accessibility links

ئەمریکای بایدن و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنە ناوکییەکە لەگەڵ ئێراندا


ئەو 6 وڵاتەی لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێراندا ماونەتەوە دەڵێن لە خۆئامادەکردندان بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ئەو ڕێککەوتنە پاش ئەوەی جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە مانگی ئایندەدا دەچێتە کۆشکی سپی.

بایدن ڕۆژی 20ی مانگی یەک دەچێتە کۆشکی سپی وەک سەرۆکی ئەمریکا، پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو واشنتۆن سەرلەنوێ دەبێتەوە بەشێک لەو ڕێککەوتنە ناوکییەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی سنوردار کردبوو.

لە مانگی 5ی ساڵی 2018دا سەرۆک ترامپ لەو ڕێککەوتنە کشایەوە و ژمارەیەک سزای توندی سەپاند بەسەر تاراندا.

لە ڕاگەیەندراوێکدا بەناوی وەزیرە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەی ئێران و چین و ڕوسیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا ئاماژە بە ئامادەیی هەر یەکێک لەو وڵاتانە کراوە بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ناو ڕێککەوتنەکە و چارەسەرییەکی ئەرێنیانە بۆ کێشەکان.

ئێران بە ڕێگەنەدان بە سنوردارکردنی جموجۆڵە ناوکییەکانی، کاردانەوەی خۆیی بەرامبەر سزاکانی ئەمریکا نیشانداوە. دواترینی ئەو کاردانەوانەش، ڕاگەیاندنی پلانەکانی بوو بۆ دانانی سەنتەرفیوجی پێشکەوتوو لە دامەزراوەی ناوکی ناتانز.

فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا، ناڕەزاییان لەسەر ئەو پلانەی ئێران دەربڕی. ئەم 3 وڵاتە بە سیانەی ئەوروپا ناودێر دەکرێن و نیگەرانییەکی قوڵیشیان هەبووە بەرامبەر بەو پلانەی ئێرانییەکان.

هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت گۆڕینی بەڕێوبەرایەتی لە ئەمریکا بە مانای هەبوونی دوا پەنجەرەیە بۆ بەرەوپێشچوون کە نابێت بە فیڕۆ بدرێت.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاگاهیدەدات و دەڵێت "دەشێت مانۆڕی تاکتیکی زیاتر ببینرێن هاوشێوەی ئەوەی لەم ماوەیەی ڕابردوودا زۆر دەبینرێن و ئەم مانۆڕانەش دەبنە مایەی بنکۆڵکردنی زیاتری ڕێککەوتنەکە."

دۆمینیک ڕاب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت لە کۆبوونەوەکەدا بە ئاشکرایی ڕوونی کردۆتەوە "نابێت ئێران ڕاگەیاندنەکەی ئەم ماوەیەی ڕابردووی بۆ فراوانکردنی بەرنامە ناوکییەکەی جێبەجێبکات، چونکە دەبێتە مایەی کەمبوونەوە و بەرتەسک کردنەوەی هیوای دەرفەتەکان لە ساڵی 2021دا."

کوژرانەکەی مانگی ڕابردووی موحسن فەخریزادە، زانا ناوکییەکەی ئێران بووە مایەی بەرزبوونەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا، تاران لۆمەی ئەو کردەی کوشتنەی لە ئەستۆی ئیسرائیل دەنێت.

وەک کاردانەوەیەکیش بەرامبەر بە کوشتنی ئەو زانا ئێرانییە، یاسادانەرانی ئێران داوای فراوانکردنی زیاتری بەرنامە ناوکییەکەی ئێرانیان دەکرد و هەروەهاش داوایان دەکرد ڕێگە نەدرێت دامەزراوەی چاودێری ئەتۆمی کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، پشکنینی دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران بکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ڕەزامەند نییە لەسەر ئەو بەرنوسە و هەروەهاش حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکی ئێران ئاماژەی بەوەکردووە کە مۆری ناکات تا ببێتە یاسا.

ڕێگەگرتن لە پشکنەرانی نێونەتەوەیی دەشێت گورزە کوشندەکە بێت لە کاراکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی ئەمڕۆش دووشەممەدا جەخت کراوەتەوە لە "گرنگی درێژەدان بە هاوکاری و بڕوا و متمانەبوون بە دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی."

XS
SM
MD
LG