Accessibility links

ئەڵمانیا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ بەریتانیا ڕادەگرێت


وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا
وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا

وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا ڕایدەگەیەنێت لە کاتژمێر 12ی شەوی ئەمڕۆ یەکشەممەوە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ بەریتانیا ڕادەگیرێن بەهۆی بڵاوبوونەوەی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆڤید 19ەوە کە بە خێراییەکی زیاتر بڵاودەبێتەوە.

سەرچاوەیەکی حکومەتی ئەڵمانیاش دەڵێت هەموو وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا ئەم بڕیارەیان داوە و هیشتاش وتووێژەکان بەردەوامن تا ئەم بڕیارە فڕۆکە بار هەڵگرەکان نەگرێتەوە.

وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا دەڵێت لەمڕۆ بەدواوە هاتنە ناوەوەی هاوڵاتییان لە ئافریکای باشور و بەریتانیاوە سنوردار دەکرێت و تەنها لە ڕێی گواستنەوەی دەریایی و شەمەندەفەر و ئۆتۆمبێلەوە دەبێت.

ئەم جۆرە نوێیەی کۆڤید 19 کە لە ئافریکای باشور و بەریتانیا بڵاوبۆتەوە نیگەرانییەکی زۆری دروستکردووە لە کاتێکدا هێشتا جیهان گرفتی هەیە لەگەڵ شەپۆلی دووهەمی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا.

ینس سپان، وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئەڵمانیا بە ڕژدییەکی زۆرەوە بەرەنگاری ئەم ڕەوشە دەبێتەوە" ودەڵێت لەگەڵ پسپۆڕاندا و بەتایبەتیش بەریتانیاییەکان چاودێری گرفتەکانی ئەم ڕەوشە دەکرێت و دەشڵێت "بڵاوبوونەوەی خێراتری ئەم جۆرە نوێیەی ڤایرۆسەکە دەشێت گۆڕانکاری لە زۆر ڕەهەندی تایبەت بە پەتای کۆرۆنا بێنێتە ئاراوە."

لە ئەڵمانیا بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئافریکای باشور و بەریتانیادا تا ڕۆژی 31 ی مانگی دوازدە دەخایەنێت."

سپان، داواش دەکات هەر گەشت و سەردانێک کە سەرەکی نەبن دوابخرێن.

XS
SM
MD
LG