Accessibility links

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: چین پێشوازی لە لێکۆڵینەوە لەسەر کۆڤید-19 دەکات


کاربەدەستانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند چین پێشوازی دەکات لە تیمێکی پسپۆڕانی جیهانی ڕێکخراوەکە بۆ لێکۆڵینەوەکردن لەسەر ڕیشەی کۆڤید-19 کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دروست دەبێت.

لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە مانیلا، بەڕێوەبەری هەرێمی کاری فریاگوزاری WHO دکتۆر باباتوند ئۆلۆوکور بە پەیامنێرانی گوت ئاژانسەکە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ چین و تاوتووێی ئەو شوێنانە دەکەن کە دەیانەوێت سەردانی بکەن.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند تیمێکی لێکۆڵەر لە یەکەم هەفتەی مانگی یەک دەنێرێت بۆ چین تا لێکۆڵینەوە لەسەر ئوە بکەن چ شتێک بۆتە هۆکاری سەرەکی ئەو پەتایە بووە کە زیاتر لە 1 ملیۆن و 600 هەزار کەسی لە سەرانسەری جیهاندا کوشتووەو زیاد لە 74 ملیۆن کەسیش پێی نەخۆش کەوتوون.

لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد لە سەرەتای ئەم هەفتەیە ئەندامێکی تیمەکەی WHO کە دەڕوات بۆ چین، فابیان لیندیرتزی زیندەوەرزانی ئەڵمانی، گوتی بە شیانێکی زۆری هەیە گەشتەکە لە شاری ئوهانەوە دەستپێبکات کە سەرەتا لە کۆتایی ساڵی 2019 لەوێوە کۆڤید-19 بڵاو بۆوە.

زۆربەی لێکۆڵەران لەوبڕاویەدان ئەو ڤایرۆسە لە شەمشەمەکوێرەوە سەریهەڵداوە.

چین پێشتر دژی دواکاری بۆ لێکۆڵینەوەیەکی جیهانی بوو لەسەر سەرچاوەی ڤایرۆسەکە، و دەیگوت داواکاری لەو جۆرە دژی چینە، بەڵام کراوەبوو بۆ لێکۆڵینەوەیەک بە ڕێبەرایەتی WHO .

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کە چینی تۆمەتبار کردووە بۆ شاردنەوەی گەوەریی پەتاکە، داوای لێکۆڵینەوەیەکی " شەفاف" ی بەڕێبەرایەتی WHO کردووە و ڕەخنەی لە شێوازەکەی کردووە کە ڕێگە دەدات زانایانی چینی یەکەم قۆناغی لێکۆڵێنەوەکان ئەنجام بدەن.

میدیای دەوڵەتی چین ڕایگەیاندووە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەر لەوەی لە ئوهانی چین بڵاوبێتەوە لە دەرەوە هەبووە، ئاماژە بە هەبوونی دەکات لەسەر خۆراکی بەستووی هاوردە و پاکەتەکان و بەڵگە زانستییەکانی کە دەڵێن لە ساڵی پار لە ئەوروپا هەبووە.

XS
SM
MD
LG