بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڤاکسینی کۆڤیدی 19ی مۆدێڕنای بە "سەلامەت" و "کاریگەر" وەسف کرد و ئەم کۆمپانیایەی هەنگاوێک زیاتر نزیک کردەوە لە بەدەستهێنانی مۆڵەتی بەکارهێنانی ڤاکسینەکەی.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز بڕیاری ڕێکخراوەکە سەبارەت بە مۆڵەتپێدانی ڤاکسینی کۆمپانیای مۆدێرنا دوای کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی لیژنەی تایبەتی ڕاوێژکاری ئەو بەڕێوبەرایەتیە دراوە.
ڤاکسینی مۆدێڕنا دووەم ڤاکسینە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکاوە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکراوە. ڤاکسینی بەرهەمهێنراو لەلایەن فایزەر و بایۆنتێک هەفتەی ڕابردوو مۆڵەتی پێدراوە و لە دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە لە دامەزراوە پزیشکییەکانی ئەمەریکا دا دابەش کراوە .
هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەمەریکا لەوانە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پێی هەندێ سەرچاوە کە ئاماژەیان بە ناوەکانی نەکردووە، ڕایانگەیاند کە بڕیاری بەڕێوبەرایەتی خوراک و دەرمانی ئەمەریکا سەبارەت بە ڤاکسینی مۆدێرنا ڕۆژی هەینی ڕادەگەینرێت .
لەو بەڵگەنامانەی کە بۆ کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممە ئامادە کراوە ، کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا جەختیان لە سەر ئەوە کردوە کۆتانیدوو ژەمی ئەو ڤاکسینە کاریگەر بووە لە ڕێگرتن بە کۆڤید - 19 و کێشەی بەرگری تایبەتیشی دروست نەکردوە لە کەسانی تەمەن 18 ساڵدا.
هەردوو کۆمپانیای فایزر و مۆدێڕنا تاقیکردنەوەی کۆتاییەکانی خۆین بە شێوەیەک داڕەشتوە کە ئەوە نیشان بدات کە ڤاکسینەکەیان توانای ئەوەی هەیە ڕێگری لە تووشبوونی بەرچاو لە نەخۆشییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکات و نەهێڵێت ئەو کەسانەی وەریدەگرن بە کۆرۆنا گیانیان لە دەست بدەن.
بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا هۆشداری ئەگەری " بێڵس پاڵسی " کە جۆرێک ئیفلیجی دەماری دەم و چاوە داوە بۆ ڤاکسینی مۆدێرنا. ئەو نەخۆشییەی کە هەروەها لە وەرگرانی ڤاکسینی فایزریشدا تێبینی کراوە .
کۆمپانیای مۆدێڕنا گوتویەتی لە چوار حاڵەتی ڕاپۆرتکراوی"بێڵس پاڵسی" کە سێ حاڵەتیان لە گروپی وەرگرتنی ڤاکسین و یەکێک لە گروپی کۆنترۆڵ داتووشی بوون ، سێ حاڵەتیان بۆخۆیان چاکبوونەتەوە.
هەروەها کۆمپانیای فایزەریش باسی لە شەش حاڵەتی " بێڵس پاڵسی" کردوەکە چواریان لە گروپی وەرگرتنی ڤاکسینەکەدا تێبینی کراون. بەڵامدەڵێت لەوانەیە بە هەمان ڕێژەش حاڵەتەکان لە ناو خەڵکدا بە گشتی دەرکەوێت.