لە یەکەم ڕۆژی دەستپیکردنی وەرگرتنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنادا، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند ژمارەی ئەو کەسانەی تاکوو ئێستا بە هۆی کۆرۆناوە گیانیان لە دەستداوە 300 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
ئەم ژمارە زۆرە لە کاتێکدا ڕادەگێندرێت کە نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستاملیۆنان ئەمەریکی هۆشدارییەکانیان سەبارەت بە گەشت نەکردن پشتگوێخست و لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیاندا بۆ پشووی جەژنی سوپاسگوزاری کۆبوونەوە.
بەپێی ناوەندی جۆنس هۆپکینز وەک سەرچاوەی زانیارییەکان لە بارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، تا نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە 300 هەزار و 494 ئەمەریکایی بەهۆی کۆڤید- 19 و نەخۆشییەکانی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە.
یەک لەسەر پێنجی ئەو کەسانەی لە تەواوی جیهاندا بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بوون.
هەروەها بە پێی پرۆژەیەک کە پێداچۆنەوە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات، ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە بە ڕاگەیاندنی 110,549 حاڵەتی نەخۆشی کۆڤید کە لە ژێر چاودێریدان، ژمارەیەکی نوێی تۆمار کردوە.
لە ئاڵمانیاش وەزیری تەندروستی داوای لە دەزگای ڕێکخستنی یەکێتی ئەوروپا کرد کە بەخێرایی ڤاکسینێکی نوێی COVID - 19 پەسەند بکات لە بەرئەوەی وڵاتەکەی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک داخستن و کۆت و بەندە نوێکان دەبێتەوە بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
جێنس سپان وەزیری تەندروستی دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە داوای لە ئاژانسی دەرمانی ئەوروپا کرد ڤاکسینەکەی کە بە هاوبەشی کۆمپانیای ئەمەریکاییفایزەر و بایۆنتێکی ئەڵمانیا بەرهەم هاتووە تا جەژنی کرسمس ڕەزامەندی لە سەر بدات بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن وەریگرن. ڤاکسینەکە لە ئێستادا لە بەریتانیا و ئەمەریکا پاش ئەوەی رێکخەرە حکومیەکان بە خێرایی بەکارهێنانیانی ڤاکیسینەکەیان لە پڕۆسەیەکی پێداچوونەوەی تەواودا پەسەند کرد، بڵاو بووەتەوە.
بەڵام ئەمێر کوک سەرۆکی ئاژانسی دەرمانی ئەوروپا ڕۆژی دووشەممە گوتی کە ڕێکخەران تا 29 ی مانگی 12 کۆبوونەوەیان نابێت سەبارەت بە بڕیاری پەسەندکردنی ڤاکسینەکە. ئەو هەروەها جەختیکردەوە کە ڕێکخەرەکان 24 کاتژمێر کار دەکەن بۆ تەواوکردنی هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەکانیان لە سەر داتاکانی تاقیکردنەوە فراوانەکانی فایزەر.
داواکارییە ئاشکراکەی سپان ڕۆژێک دوای ئەوە بوو کە ڕاوێژکاری ئاڵمانیا ئەنگێڵا مێرکێڵ کۆمەڵێک کۆت و بەندی نوێی ڕاگەیاند کە لە ڕۆژی چوارشەممەوە تاکوو 10مانگی یەکبەردەوام دەبێت بە مەبەستی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە. مێرکێل و 16 پارێزگاری هەرێمی ئەو وڵاتە ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتن لەسەر داخستنی ئەو شوێنانەی زۆر پێویست نییە کراوە بن هەروەها و سنووردارکردنی کۆبوونەوە تایبەتیەکان بۆ کەمتر لە پێنج کەس.
حکومەت داوا لە هاوڵاتیان دەکات لە کڕین و بازارکردنی کریسمەسدا لە دوو ڕۆژی پێش دەستپیکردنی داخستنەکاندا مەودای کۆمەڵایەتی و ڕێنماییە تەندروستییەکان لە بەرچاو بگرن.
ئەڵمانیا لەم چەند هەفتەیەی دواییدا بە شێوەیەکی بەردەوام حاڵەتی تووشبون و مردنەکانی لە بەرزبوونەوەدا بووە. پەیمانگای ڕۆبێرت کۆخ کە ناوەندی کۆنترۆڵی نەخۆشیەکانی ئەو وڵاتەیە، ڕۆژی دووشەممە 16هەزار و 362 حاڵەتی تووشبوونی نوێی و 188 حاڵەتی مردنی نوێشی ڕاگەیاندوە و ئەمەش کۆی گشتی مردنەکانی لەو وڵاتەدا بە هۆی کۆڤیدەوە گەیاندووەتە نزیکەی 21 هەزار و 975 کەس . لە هەفتەی ڕابردوەوە ژمارەی مردنەکان ڕۆژانە بەرزبۆوەتەوە بۆ نزیکەی 600 حاڵەت لە ڕٶژێکدا.
بە گوێرەی هەواڵی جۆنس هاپکینز، ئەڵمانیا زیاتر لە یەک ملیۆن 357 هەزار حاڵەتی تووشبوون و نزیکەی 22 هەزارحاڵەتی مردنیشی بەهۆی کۆرۆناوە پشتراستکردۆتەوە.
هەروەها لەندەنیش ئەم هەفتەیە بەهۆی بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی تووشبوونەوەلە پایتەختی بەریتانیا رووبەڕووی داخستنی قورستر دەبێتەوە.
مات هانکۆک سکرتێری تەندروستی ڕۆژی دووشەممە لە میانەی وتارێکدا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە لەندەن لە ڕیزی ئاگاداری نیشتمانی " Tier 2 " واتە ئاگاداری باڵا " دەگوێزرێتەوە بۆ دوا قۆناغی " Tier 3 " لە نیوەشەوی چوارشەمەوە. گواستنەوە بۆ ئەم قۆناغە واتە داخستنی هەموو مەیخانە و کافیتریا و چێشتخانە و شوێنە گەشتیەکان لەو وڵاتەدا.
داخستنە نوێکانی لەندەن دوای ئەوە ڕاگەیەندرا کە ڕێژەی تووشبوون بە کۆڤیدی 19 ی نوێلە بەریتانیا لەبەرزبوونەوەدایە. هانکۆک بە یاسادانەرانی گوت کە جۆرەیەکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە باشوری ڕۆژهەڵاتی بریتانیا دەستنیشان کراوە کە نزیکەی 1000 کەسی لەو ناوچەیەدا تووش کردوە.